لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تورکمانێکی سوننە کرایە جێگری پارێزگاری کەرکوک و بەرەی تورکمانیش ڕەتیدەکاتەوە کەسیان بۆ پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک بەربژێر کردبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئۆکتۆبەر، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەبەشداری پێنج ئەندامی یەکێتی و سێ ئەندامی عەرەب و کۆتای کریستان ، و هاوکات بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی سەروەری و بەرەی تورکمانی عێراق کۆبووەوە، و جێگری پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا، و هەر لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن و لیژنەکانی ئەنجوومەن درا.
هاوکات بەرەی تورکمانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، شاری کەرکووک رووبەڕووی پێشهاتێکی سیاسیی پێشتر نەکراو دەبێتەوە کە نیگەرانی بۆ سەرجەم لایەنە نیشتمانییەکان دروست دەکات، ئێمە لە بەرەی تورکمانی عێراقی یەکگرتوو پێداگری لە هەڵوێستە نەگۆڕەکانمان لەبارەی ئەم پێشهاتانە دەکەین و ڕوونی دەکەینەوە هیچ کەسایەتییەکمان بۆ پڕکردنەوەی هیچ پۆستێک لە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک بەربژێر نەکردووە.
بەرەی تورکمان لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا دەڵێن” ئەم حکومەتە کە بە شێوازێکی نایاسایی پێکهێندراوە، نوێنەرایەتیی ویستی راستەقینەی رۆڵەکانی ئەم پارێزگایە ناکات. ئەنجامەکەش ئەوەیە کە لە رووی یاسایی و سیاسیشەوە رەوایەتی نییە”.
وێنەی جێگری پارێزگاری کەرکوک