ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ڕەخنەی لە دەسەڵات گرت بە پشتگوێکختنی پێنجوێن و وتی” لە ململانێی قورسداین بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵە و خواروخێچییەكانی دەسەڵات”.
سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە میانی بانگەشەی حزبەکەی لە پێنجوێن ڕایگەیاند، موراهیقی لەتەمەنێكی دیاریكراودا مەعزورە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی عومرێكی زۆر موراهیقی سیاسی عەیبەیەكی گەورەیە و بەداخەوە ئەقڵی ئەمنی و عەسكەری و تۆقاندن لە كوردستان حوكم دەكات ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی قەزایەكی گەورەی وەكوو پێنجوێن كە سەنتەرێكی بازرگانی گەورەیە بۆ هەرێم ئاوڕی لێنەدرێتەوە و خزمەت نەكرێت.
ووتیشی: لای یەكگرتوو پێنجوێن لە هەموو بوارەكانی عیرفان و شۆرش و ئایین و گشت بوارەكاندا جێگەی شانازییە، بەڵام جێی داخە وەفا بۆ قوربانیدانەكانتان نەبووە، لەهەمان كاتدا پێیتان دەڵێم گلەیی لە بەختی خۆتان مەكەن هەموو كوردستان بەختی وەك ئێوەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە 30 ساڵ پێش ئێستا كۆمەڵێك گەنجی دەست بەدەست نوێژ و خوێنەوارمان لە سەرجەم بوارەكاندا دامەزراند، لەو ماوەیەوە تا ئێستا لە ململانێی قورسداین بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵە و خواروخێچییەكانی دەسەڵات، باج و قوربانی زۆرمان بۆ ئەو مەبەستانە داوە، لە ئێستادا هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازمان لە پێشە بۆ سەرخستنی ماف و داواكارییەكانتان و ڕاستكردنەوەی حوكمی چەوت و خواری ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە، پێویستە ٢٠/١٠ بچنە سەر سندوقەكانی دەنگ و دەنگ بدەن.