بڕیارێكی دیكەی وەزیری دارایی عێراق بۆ كۆتاییهێنان بە ساڵی دارایی خەرجكردنی بودجە، بەربەستێكی دیكەی یاسایی لەبەردەم ناردنی ئەو 400 ملیار دینارە دروستكرد كە سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی دا بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو وەزیرە ئامادە نەبوو بینێرێت.
رۆژی 13ی كانوونی یەكەمی 2022 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 400 ملیار دیناری وەك بەشە بوجەی هەرێمی كوردستان دەركرد بۆ مانگەكانی تشرینی دووەم و كانوونی یەكەم، بەڵام تائێستا پارەكە نەنێردراوە بەهۆی ئەوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی ئامادە نییە واژۆ لەسەر ناردنی پارەكە بكات، بە پاساوی ئەوەی دژی یاسای بودجەی 2021 و یاسای ئیدارەدانی دارایی و بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراقە.
د فازل نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە، ئەو بڕیارەی وەزیری دارایی بۆ كۆتاییهێنان بە ساڵی دارایی بەربەستێكی دیكەی یاسایی دەبێت لەبەردەم ناردنی 400 ملیار دینارەكە، بەوپێیەی كە خەرجكردنی پارەی ساڵی پێشووی ڕاگرت و دەبێت بۆ ئەو پشكە چاوەڕێی پڕۆژەیاسای بوجەی گشتی 2023 بكرێت.
تەیف سامی لە نووسراوێكدا كە لە 19ی كانوونی یەكەمی 2022 ئاڕاستەی ئەمینداریێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی كردووە، هۆكارەكانی رەزامەندینەدانی لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە گەڕاندووەتەوە بۆ بڕیارەكانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی و ماددەیەكی بودجەی 2021 و “وردنەبوون”ی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی لەبارەی خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان.