دوابەدوای وتەكانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ “ڕەتكردنەوەی هەژماری من و ئەنجامدانی پڕۆسەی تەوتینی مووچە لە بانكە فیدڕاڵییەكانی عێراق” لە بەشێكی فەرمانگەكانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان دەست كراوە بە پێدانی فۆڕمی تەوتینی مووچە و هاوكات هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی-ش دەستیان بە پڕكردنەوەی فۆڕمی تەوتین كردووە، كە سەر بە بانكی (TBI)ی عێراق دەبێت و مامۆستایەكی ناڕازی دەڵێت: گفتوگۆمان لەگەڵ بانکی ‘تی بی ئای’ کردووە و بەم نزیکانە مامۆستایانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیە تەوتین دەکەین.
مامۆستا گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و بانک و مامۆستای زانكۆی سلێمانی ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا فەرمانبەرانی چوار وەزارەت لە بانکی (TBI) لقی سلێمانی خەریکن تەوتین-یان بۆ دەکرێت.
یەكێتی لە سنووری ئیداریی خۆی تەوتین دەستپێدەكات
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند،” کۆمەڵێک کەناڵمان هەیە، کە دەتوانین لە ڕێگەی ئەو کەناڵانەوە بە کرداری کاری لەسەر بکەین و فشار بکەین، کە تەوتین لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵیەکانەوە بێت، یەکەم لە دادگای فیدرالی دەتوانین داوا تۆمار بکەین، دووەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەتوانێت فشار بکات، سێیەم فشارکردن لە حکومەتەکەی سودانی جا فشارەکان سیاسی یاخود پەرلەمانی بێت بۆ ئەوەی بێنە ژێر باری بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بە تەوتین کردنی مووچە”.
وتیشی،” ئێمە لە ڕابردوودا بێ متمانەیی بە جۆرێک بووە، کە مووچەخۆرانی هەرێم نایانەوێت مووچەکانیان لەسەر وەزارەتی دارایی هەرێم و لەوبانکانە بێت، کە حکومەتی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، بۆیە پێیان وایە مووچە لەسەر بانکە فیدڕاڵیەکان بێت کێشەی مووچە دووبارە نابێتەوە”.
ڕۆژی 5ی ئەم مانگە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە میانی بانگەشە بۆ حزبەکەی لە شارۆچکەی کۆیە، وێڕای ڕەت کردنەوەی ” هەژماری من” دژایەتی خۆشی بۆ سیستەمەکە ڕاگەیاند و لە ناو ئاپۆڕای لایەنگرانی حزبەکەیدا وتی، “هەژماری من نە هەژماری منە و نە هەژماری ئێوەیە، بەڵكو هەژماری مەسرورە” کە مەبەست لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمە بەو پێیەی پڕۆژەکە هی حکومەتی هەرێمە و پارتیش پشتگیری خۆی بۆ بە بانکی کردنی مووچەی مووچەخۆران لەو ڕێگەیەوە دووپات دەکاتەوە.
سەرۆكی یەكێتی وتیشی،” تیمەکانی یەکێتیمان لە بەغدا ڕاسپاردووە ڕێکارەکان بۆ بە نیشتیمانی کردنی مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵیەکانەوە بگرنە بەر.”
هێزەكانی پێشمەرگە فۆڕمی تەوتین وەردەگرن
لیوا ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەکانی 70ـی یەکێتی بە میدیاكانی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، “ئێمە تەوتینمان دەستپێکردووە لە بانکی ‘تی بی ئای’ عێراقی و لیژنەمان بۆ پێکهێناوە”.
هاوكات، عەمید یوسف ئەنوەر، سەرۆکی لیژنەی تەوتین لە هێزەکانی 70 وتویەتی، “گفتوگۆمان لەگەڵ بانکی ‘تی بی ئای’ کردووە و فۆڕمیان پێداوین و 70 بۆ 80 کارمەند خول دەبینن بۆ چۆنێتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ‘تی بی ئای’ پێیان ڕاگەیاندوون ڕاستەوخۆ فەرمان لە وەزارەتی دارایی عێراق وەردەگرن.
لە ئیدارەی گەرمیان پڕكردنەوەی فۆڕمەكە دەستی پێكرد
دوو سەرچاوە لە ئیدارەی گەرمیان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە کەناڵ8ـیان ڕاگەیاند، مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنوورەکەیان، پرۆژەی “هەژماری من”یان ڕەتکردووەتەوە و دەستیانکردووە بە پڕکردنەوەی فۆڕمی تایبەت بە بانکیکردنی مووچە لە بانکە فیدراڵییەکان.
هەردوو سەرچاوەکە، جەختیانکردەوە، “پرۆژەی هەژماری من لە سنووری گەرمیان ڕاگیراوە و کاری پێناکرێت”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا فۆڕمی تایبەت بە بانکیکردنی مووچە لە بانکە فیدراڵییەکان، دەدرێتە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان بە مەبەستی پڕکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن ئەو مووچەخۆرانەی بەشداری “هەژماری من”یان نەکردووە و دواتر دەدرێتە بانکەکان بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی بە بانکیکردن.
بانكی تی بی ئای: بە دوو مانگ تەوتین تەواو دەكەین
دڵشاد میرانی، یەکێک لە مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاندووە، “گفتوگۆمان لەگەڵ بانکی ‘تی بی ئای’ کردووە و بەم نزیکانە مامۆستایانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و کۆیە تەوتین دەکەین.
وتیشی، “بە دوو مانگ سەرجەم مووچەخۆران تەوتین تەواو دەکەین، چونکە هەژماری من ڕەتکراوەتەوە”.
فۆڕمەكە چەند زانیارییەك لەخۆدەگرێت
بەپێی فۆڕمی تەوتین، كە بۆ بە بانكی كردنی مووچەی مووچەخۆران پڕدەكرێتەوە و لە چەند فەرمانگەیەكی سنووری سلێمانی دابەشكراوە و وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، دەبێت لە فۆڕمەكەدا چەند زانیارییەك پڕبكرێتەوە.
لە فۆڕمەكەدا هاتووە: ناوی چواری مووچەخۆر بە كوردی و بە ئینگلیزی وەك پاسپۆرت و ساڵ و شوێنی لەدایكبوون و جۆری پێناس، كە كارتی نیشتمانییە یان پێناسی باری كەسێتی لەگەڵ ناوی دووانی دایك و ژمارە مۆبایل و پارێزگا و قەزا و ناحیە و كۆڵان و گەڕەك بەپێی كارتی زانیاری.
هەر لە فۆڕمەكەدا چەند بەشێك بەجێهێڵدراوە تاوەكو بەشی ژمێریاری فەرمانگەكان پڕی بكاتەوە، وەك: یو پی ئێن، ناونیشانی وەزیفی و بڕوانامە و مووچە و چەند زانیارییەكی دیكە.