بزوتنەوەی گۆران ڕایگەیاند، هەر وەزیرێک بە بڕیاری کشانەوە لە حکومەت پابەند نەبێت، پەیوەندی ڕێکخراوەیی بە گۆڕانەوە نامێنێت.
بزوتنەوەی گۆڕان سوپاسی جێگری سەرۆکی هەرێم، وەزیری دارایی و ئابوری، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و پارێزگاری سلێمانی دەکات کە پابەندیی خۆیان بە بڕیاری کشانەوە لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجیی دەربڕیوە.
لە راگەیەنراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوە، “دوابەدوای، بڕیاری کشانەوەمان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی، بەپیرەوەهاتنی هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان؛ دەرخەری ڕاستی و دروستی ئەم هەڵوێستەیە، کە خەڵک دەیەوێت و خەڵکیش خاوەندارێتی دەکات”.
ڕاشیگەیاند، “بە پێزانینەوە لە هەڵوێستی جێگری سەرۆکی هەرێم و وەزیرەکان و پارێزگاری سلێمانی دەڕوانین، کە لە کۆی شەش پۆستی سیاسیی، پێنجیان پابەندیان بە بڕیاری سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەربڕیوە، لەوانە جێگری سەرۆکی هەرێم، وەزیری دارایی و ئابوری، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و پارێزگاری سلێمانی”.
بزوتنەوەی گۆڕان وەک ئاماژەیەک بۆ دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە کە ڕەتیکردەوە دەست لەکاربکێشێتەوە دەڵێت: “هەر وەزیرێک، بە هەر بیانو و پاساوێک، بڕیاری کشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات، پەیوەندی ڕێکخراوەیی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نامێنێت”.