لە ئاهەنگی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك هەردوو جێگری سەرۆكی ئەو حزبە بەشدارییان كرد و ڕایانگەیاند، بەڵێن بۆ ڕێبازی پارتی نوێ دەکەینەوە و دەشڵێن: : پارتی حیزبی یەکەم بووە و هەر یەکەمیش دەمێنێتەوە.
نێچیرڤان بازرانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وتارێكدا ڕایگەیاند: “لەگەڵ برای خۆم مەسرور بارزانی و سەرکردایەتی پارتی بەڵێن بۆ ڕێبازی پارتی نوێ دەکەینەوە، تەنیا پارتی و سەرکردایەتییەکەی دەتوانن مافی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکەن”.
وتیشی، “بادینان سەنتەری هێز و باوەڕی پارتییە و پارتی مێژوو و ناسنامەی دەڤەری بادینانە”، داوای کرد بە دەنگدان ڕێگەنەدەن خەونی نەیارانی پارتی ببێتە ڕاستی.
ڕاشیگەیاند، “پەیوەندیی پارتی و بادینان بە باوەڕ و خوێنی شەهیدان بوونیادنراوە، چیرۆکی پارتی و بادینان عەشق و خۆشەویستییە و هیچ هێزێک جودایان ناکاتەوە”.
لای خۆشیەوە، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وتارێكدا ئاماژەی بەوەكرد، پارتی حیزبی یەکەم بووە و هەر یەکەمیش دەمێنێتەوە، چونکە لەگەڵ خودا و خەڵکەکەی ڕاستگۆ بووە.
ڕاشیگەیاند، دینداریی لای پارتی بۆ بەرژەوەندیی نییە و ئیماندارییەکی ڕاست و دروست دەکەین، دروشمەکانی پارتی ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگرییە.
مەسرور بارزانی جەختی کردەوە “چەند ڕۆژێکی دیکە بڕیار لە چارەنووسی وڵاتی خۆمان دەدەین، دەبێت کوردستان لە دەستێکدا بێت ڕووبەڕووی مەترسییەکان ببێتەوە، تەنیا پارتی لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەوەستێت”.