هۆکاری خێرا لێدانی دڵی منداڵ چییە؟



خێرا لێدانی دڵی منداڵ یەکێکە لەو شتانەی کە ڕەنگە ببێتە هۆی نیگەرانی دایک و باوک، بەتایبەتی ئەگەر پەیوەندی بە هیچ چالاکیەکی جەستەیی یان حاڵەتێکی ئاساییەوە نەبێت. زۆرجار منداڵان لێدانی دڵیان زیاترە لە گەورەکان بەهۆی گەشەکردنی خێرا و پێویستی بە ئۆکسجینی زیاتر. بەڵام کاتێک هەیە ئەم دیاردەیە پێویستی بە گرنگیدان و چاودێری ورد هەیە.

لێرەدا بە وردی باس لە هۆکارەکانی خێرا لێدانی دڵ لە منداڵان دەکەین، کاتێک کە  پێویستی  بە چاودێریی پزیشکی هەیە، ئەمە جگە لە ڕێگاکانی چارەسەری خێرا لێدانی دڵ لە ماڵەوە.

بۆچی لێدانی دڵ لە منداڵاندا خێرا دەبێت؟

هۆکاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی دڵی منداڵ بە خێرایی لێبدات، هەندێکیان سروشتین کە لە ئەنجامی گەشەی خێرای جەستەیی منداڵەکەوە سەرچاوە دەگرن و هەندێکی تریش ڕەنگە ئاماژە بن بۆ بوونی کێشەیەکی تەندروستی کە پێویستی بە چارەسەرە، ئاگاداربوون لەم هۆکارانە ڕەنگە یارمەتی دایک و باوک بدات جیاوازی بکەن لە نێوان بارودۆخە ئاسایی و نیگەرانکەرەکاندا.

لێرەدا باس لە گرنگترین هۆکارەکان دەکەین:

  • چالاکیی جەستەیی: کاتێک منداڵ بەشداری هەر چالاکیەکی جەستەیی دەکات، وەک ڕاکردن یان یاریکردن، لێدانی دڵی بە شێوەیەکی سروشتی زیاد دەکات بۆ ئەوەی پێویستی زیادبوونی ئۆکسجین بۆ جەستە  دابین بکات. ئەم زیادبوونە کاتییە و دوای پشوودان بە خێرایی دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.

 

  • تا: بەزۆری لێدانی دڵ زیاد دەکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئاسایی لەش لە منداڵاندا، بەو پێیەی خێراتر خوێن هاتوچۆ  دەکات بۆ ساردکردنەوەی جەستە و ڕزگاربوون لە گەرمای زیادە. تا پلەی گەرمی بەرزتر بێت لێدانی دڵ خێراتر دەبێت.

 

  • سترێس و ترس: ڕووبەڕووبوونەوەو هەستکردن بە فشار و دڵەڕاوکێ هۆکارێکن کە دەبنە هۆی زیادبوونی دەردانی ئەدرنالین لە جەستەدا، ئەمەش لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی خێرابوونی لێدانی دڵ. زۆرجار کاتێک منداڵ ڕووبەڕووی دۆخێکی ترسناک یان نامۆ دەبێتەوە بۆ ماوەیەکی کاتی توشی ئام حاڵەتە دەبێت

 

  • کەمخوێنی: تووشبوون بە کەمخوێنی توند حاڵەتێکە کە دەبێتە هۆی کەمی ئۆکسجین لە خوێندا، ئەمەش دڵ ناچار دەکات خێراتر کار بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمییەکە. ئەم حاڵەتەش پێویستی بە بەدواداچوونی پزیشکی و چارەسەری گونجاو هەیە.

 

کەی خیرا لێدانی دڵ لە منداڵاندا مەترسیدارە؟

کاتێک لێدانی دڵی منداڵ خێرا دەبێت، مەترسیدار نییە  ئەگەر بەهۆی هۆکاری سروشتی و کاتی وەک چالاکیی جەستەیی یان تا. بەڵام حاڵەت هەیە پێویستی بە گرنگیدان هەیە، بەتایبەتی ئەگەر لێدانی دڵ ناڕێک بێت یان نیشانەکانی تری لەگەڵدا بێت، کە لە خوارەوە باسیان دەکەین:

  1. ئەگەر لێدانی دڵی منداڵەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو دوای وەستاندنی چالاکیی جەستەیی یان دوای دابەزینی پلەی گەرمی، لەوانەیە کێشەیەک هەبێت کە پێویستی بە سەردانی پزیشک هەبێت. پێویستە دایک و باوک چاودێری ئەو کاتە بکەن کە پێویستە بۆ گەڕانەوەی دڵ بۆ دۆخی ئاسایی دوای چالاکییەکان.

 

2. کاتێک لێدانی خێرای دڵ لەگەڵ نیشانەکانی وەک تەنگەنەفەسی، بێهۆشبوون، یان هەستکردن بە ئازاری سنگی لەگەڵدا بوو ، دەبێت خێزانەکە دەستبەجێ ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەن، چونکە ئەم نیشانانە ڕەنگە ئاماژە بن بۆ بوونی کێشەی جددی دڵ..

لێدانی ناڕێکی دڵ دەتوانێت نیشانەی تێکچوونی سیستەمی کارەبایی دڵ بێت. لەم حاڵەتانەدا باشترە پشکنینی ECG و پشکنینی گشتگیر ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی دڵ.

3. ئارەقکردنەوە و کاڵبوونەوەی زۆر: ئەگەر لێدانی خێرای دڵ ئارەقکردنەوەی توند یان کاڵبوونەوەی لەناکاوی بەردەوامی ڕەنگی پێستی لەگەڵدا بوو، ئەمە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ بوونی کێشەیەک کە پێویستی بە  چاودێری وردی پزیشکی هەیە.

 

چۆن چارەسەری خێرا لێدانی دڵی  منداڵەکەت دەکەیت لە ماڵەوە :

هەندێک جار، لێدانی خێرای دڵی منداڵ دەتوانرێت لە ماڵەوە چارەسەر بکرێت ئەگەر هۆکارەکانی بزانرێت و جێگەی نیگەرانی نەبێت. لێرەدا چەند ڕێگایەک دەخەینەڕوو کە دەتوانرێت سودی لێ وەربگیرێت بۆ هێورکردنەوەی لێدانی دڵی منداڵ بە شێوەیەکی سروشتی:

پشوودان و ئارامگرتن: کاتێک لێدانی دڵی منداڵ خێرا دەبێت بەهۆی چالاکیی جەستەیی یان فشاری دەروونییەوە، باشتر وایە دەرفەتێک بدرێت بە منداڵەکە بۆ ئەوەی لە شوێنێکی ئارامدا پشوو بدات.

دڵنیابوون لەوەی کە پشوویەکی تەواو دەدات دەتوانێت یارمەتی هێورکردنەوەی لیدانی دڵ بدات بە شێوەیەکی سروشتی.

 

ئاوی پێویست: خواردنەوەی بڕێکی پێویستی ئاو یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی ڕۆیشتنی خوێن و هاوسەنگی شلە لە جەستەدا. لە حاڵەتەکانی وشکبوونەوەدا، لێدانی دڵ  زیاد دەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی شلەی لەش.

 

کۆنتڕۆڵکردنی تا: ئەگەر خێرا لێدانی دڵ لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بێت، دەتوانرێت دەرمانی کەمکردنەوەی تا یان پاڵەپەستۆی سارد بەکاربهێنرێت. کەمکردنەوەی تا زۆرجار لێدانی دڵ جێگیر دەکات.

 

ڕاهێنانی هەناسەدانی قووڵ: فێرکردنی تەکنیکەکانی هەناسەدانی قووڵ و خاوی منداڵ دەتوانێت یارمەتی هێورکردنەوەی لێدانی دڵ بدات. دایک و باوک دەتوانن یارمەتی منداڵەکە بدەن کە سەرنجی لەسەر هەناسەدانی هێواش بێت، ئەمەش یارمەتی کەمکردنەوەی گرژی و هێورکردنەوەی کۆئەندامی دەمار دەدات.

 

زەیتی سروشتی: هەندێک زەیتی سروشتی، وەک زەیتی لاڤاندەر، ڕەنگە یارمەتیدەر بن بۆ هێورکردنەوەی کۆئەندامی دەمار و کەمکردنەوەی فشاری دەروونی، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر لێدانی دڵ دەبێت.

 

زیاتر لە 450 گوند،بەهۆی لەشکرکێشییەکانی تورکیاوە چۆڵکراون
پێت زیاتر لە 450 گوند،بەهۆی لەشکرکێشییەکانی تورکیاوە چۆڵکراون
دانا عەبدولکەریم: تەنها پابەندم بە بڕیارەکانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
دوات دانا عەبدولکەریم: تەنها پابەندم بە بڕیارەکانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
پەیوەندیدار