ڕێگاکانی تەوتین ئاشکرا کرا



بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کۆمەڵێک ڕێگە لەبەردەستدایە کە لە ڕێگەیەوە دەتوانن ڕێگری لە هەژماری من بکەن و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم “تەوتین”بکرێت لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵیەکانەوە.

کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، کۆمەڵێک ڕێگا لەبەردەستە بۆ ئەوەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی لێوەبکرێت و یەکەم هەنگاویش تۆمارکردنی داوایەکە لە دادگای فیدڕاڵی، و دووەمیش فشارە لە ڕێگەی لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە، یاخود فشار کردنە لە حکومەتەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق جا فشارەکان سیاسی بن یاخود پەرلەمانی.

کاروان یاروەیس،ئاماژەی بەوەشداوە، جگە لەو دوو ڕێگایە دەتوانرێت بە فشارکردن لە حکومەتەکەی بەڕێز سودانی جا فشارەکان سیاسی یاخود پەرلەمانی بێت حوکمەتی ناوەند ناچاربکرێت بێنە ژێر باری بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بە تەوتین کردنی مووچە.”

وتیشی،” لە ڕابردوودا بێ متمانەیی بە جۆرێک بووە، کە مووچەخۆرانی هەرێم نایانەوێت مووچەکانیان لەسەر وەزارەتی دارایی هەرێم و لەوبانکانە بێت کە حکومەتی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، بۆیە پێیان وایە مووچە لەسەر بانکە فیدڕاڵیەکان بێت کێشەی مووچە دووبارە نابێتەوە.”

بە قسەی بڕیاردەرەکەی فراکسیۆنی یەکێتی حکومەتی هەرێم خودی خۆی “سوودمەندە” لە هەژمارەکە بۆیە ئامادە نییە دەستبەرداری ببێت.

کاروان یاروەیس دەڵێت،” حکومەتی هەرێم لە هەژماری من-دا دوو ئامانجی هەیە ئامانجی یەکەم ئەوەیە کە جڵەوی مووچە لە دەستی خۆیدا بمێنێت و کۆنتڕۆڵەکەی لە دەستی خۆیدا بێت، ئامانجی دووەم ئامانجێکی بازرگانیە کە دەیانەوێت لە ڕێگەی هەژماری منەوە مانگانە 6 بۆ 7 ملیۆن دۆلار دەستکەوتیان هەبێت.”

دەشڵێت،” دەستکەوتی هەژماری من دەچێتە کوێوە؟ ئایە دەخرێتە خەزێنەی حکومەتەوە یان نەخێر، وە سەفقەیەکە لە نێوان بەرپرسانی هەرێمدا لەبەر ئەوە پرۆسەکە گوماناویە.”

ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی 5ی ئەم مانگە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە میانی بانگەشە بۆ حزبەکەی لە شارۆچکەی کۆیە، وێڕای ڕەت کردنەوەی ” هەژماری من” دژایەتی خۆشی بۆ سیستەمەکە ڕاگەیاند و لە ناو ئاپۆڕای لایەنگرانی حزبەکەیدا وتی” هەژماری من نە هەژماری منە و نە هەژماری ئێوەیە، بەڵكو هەژماری مەسرورە”.

لە بەرامبەر لێدوانەکانی یەکێتی دژی “هەژماری من”، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی بەردەوام جەخت لە کردنەوەی هەژمارەکە بۆ مووچەخۆران دەکەنەوە و پرۆسەکەش بە یەکێک لە “خزمەتگوزاریە پێشکەوتووەکانی بواری سیستەمی بانکی دادەنێن”، بەو پێیەی بە قسەی خۆیان “بەشداربووان دەتوانن لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن و پرۆسەکەش چەندین خزمەتگوزاری بۆ بەشداربوەکانی لە خۆی گرتووە، کە پێکهاتووە لە وەرگرتنی قەرز و وەرگرتنی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قست و چەند خزمەتگوزاریەکی تر.”

بە پێی دواهەمین بڵاوکراوەی ئاماری “هەژماری من” لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا 600 هەزار مووچەخۆر لە هەرێم لە سیستەمەکەدا تۆمار کراون لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، زیاد لە 250 ئامێری ڕاکێشانی پارەش بە ناوی ATM ی لە شوێنە گشتیەکان جێگیرکردووە و دەشڵێن پرۆژەکەیان بەردەوام دەبێت و دەیانەوێیت ڕێژەی بەشداربووان بگەیەننە 1 ملیۆن کەس و جێگیرکردنی 1 هەزار ئامێری ڕاکێشانی پارە.”

بڕێکی تر لە پارەی گەنمی جوتیاران خەرجدەکرێت
پێت بڕێکی تر لە پارەی گەنمی جوتیاران خەرجدەکرێت
تەلئەبیب ئامانج و وادەی هێرشکردنە سەر ئێرانی دیاری کردووە
دوات تەلئەبیب ئامانج و وادەی هێرشکردنە سەر ئێرانی دیاری کردووە
پەیوەندیدار