بەپێی ئامارێکی یونسێف ڕێژەی دەسدرێژی بۆسەر ئافرەتانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ ڕوو لە زیادبوونە و پێشبینی دەکرێت لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا زیاتر بەرزبێتەوە.
بەپێی ئامارەکەی یونسێف ، توندوتیژی سێکسی دژی منداڵان کە زیاتر لە ٣٧٠ ملیۆن کچ لە سەرانسەری جیهاندا لەخۆ دەگرێت، پێش تەمەنی ١٨ ساڵان تووشی دەستدرێژی یان گێچەڵ و ئازاری سێکسیی بوونەتەوە، و زۆربەی توندوتیژی سێکسیی منداڵان لە تەمەنی نەوجەوانیدا ڕوودەدات، بەتایبەتی لە نێوان تەمەنی ١٤ بۆ ١٧ ساڵیدا.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، زۆرترین ژمارەی تۆمارکراوی دەستدرێژی سێکسیی بۆ سەر منداڵان لە ئەفریقادایە، کە ٧٩ ملیۆن کچ دەگرێتەوە کە لە منداڵیدا دەستدرێژییان کراوەتە سەر یان ڕووبەڕووی ئازاری سێکسیی جەستەیی بوونەتەوە.
دوای ئەفریقا، ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دێت، بە ٧٥ ملیۆن کەس و ئاسیای ناوەڕاست و باشوور بە ٧٣ ملیۆن کەس لە پلەی دووەم و سێیەمدا.
ئەم ڕاپۆرتە، کە لە ١٠ـی مانگی تشرینی یەکەم و ڕۆژێک پێش ڕۆژی جیهانیی کچان بڵاوکراوەتەوە، ڕادەی ئەم جۆرە توندوتیژییە لە دژی کچانی نەوجەوان لە سەرانسەری جیهاندا نیشان دەدات.
توێژینەوەکە هەروەها هۆشیاری لەسەر جۆرەکانی توندوتیژی سێکسی “بێ بەرکەوتن”( non-contact) بەرز دەکاتەوە، وەکو دەستدرێژی سێکسی بە شێوەی ئۆنلاین یان زارەکی و دەشڵێت: ئەگەر ئەم شێوە لە توندوتیژییەش لەبەرچاو بگیرێن، ئەوا ژمارەی ئەو کچانەی کە تووشی حاڵەتی ئازاری سێکسی بوونەتەوە، ژمارەکەیان بۆ ٦٥٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا بەرز دەبێتەوە.