وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، دەگەینە هەموو بەرەكانی شەڕ لە لوبنان، یەمەن، سوریا، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کرد کە هێرشی داهاتوو بۆ سەر ئێران “ورد و کوشندە و لەناكاو” دەبێت.
یواف گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێكدا بۆ ئەندامانی یەكەی 9900ی هەواڵگری وڵاتەكەی ڕایگەیاند، هێزەكانیان دەگەیننە هەموو بەرەكانی شەڕ لە لوبنان، یەمەن، سوریا، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاماژەی بەوەشكرد، “ماوەیەکی کەم لەمەوبەر ئەو هێرشانەتان بینی کە ئێرانییەکان دەستیان پێکردبوو، بەڵام شکستیان هێنا، چونکە هێرشی ورد نەبوون هێزی ئاسمانی هیچ زیانێکی پێنەگەیشتوە، یەک فڕۆکەش زیانی پێنەگەیشتوە، تەنانەت یەک هاووڵاتی مەدەنیش زیانی پێنەگەیشت”.
وتیشی:”هێرشەکەمان بۆ سەر ئێران، کوشندە و ورد و لەناکاو دەبێت”.
ئەوە لەكاتێكدایە لەسەرەتای ئەم مانگە ئێران هێرشێكی موشەكی بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامدا و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش رایانگەیاند، ئەو هێرشانە لە تۆڵەی تیرۆركردنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی پێشوی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان و عەباس نیلفروشیان فەرماندەی سوپای پاسداران بوە.