زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی بەدەستهێنا



بەپێی ریزبەندییەکی دامەزراوەی تایمزی بەریتانی، زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی بەدەستهێناوە و کێبڕکێکە لەنێوان ٢١ زانکۆدا بووە، کە سەرجەم مەرجەکانی دامەزراوەکەیان تێدا بووبێت.

زانکۆی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان – (WUR) World University Rankings کە لەلایەن دامەزراوەی تایمزی بەریتانییەوە – Times Higher Education ئەنجام دەدرێت، زانکۆی سلێمانی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەست هێناوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە سەرتاسەری عێراقدا، تەنها ٢١ زانکۆ بەهۆی ئەوەی گشت مەرجەکانی دامەزراوەی تایمزیان تێدایە ریزبەندییان بۆ کراوە، زانکۆ بەشداربووەکانی تر، کە ژمارەیان (٥٨) زانکۆیە، نەیانتوانیوە بچنە ڕیزبەندییەکەوە و تەنها بە”Reporter” ناسێنراون؛ واتە مەرج و داواکارییەکانی دامەزراوەی ناوبراویان تێدا نییە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دامەزراوەی تایمزی بەریتانی، شانبەشانی دامەزراوەی شانگەهای و دامەزراوەی کواکەرێلی سیمۆندس، یەکێکە لە سێ سەرەکیترین ئەو دامەزراوانەی لە سەر ئاستی جیهان چەندین ریزبەندیی جیاجیا بۆ زانکۆکان دەکات؛ گرنگترینیشیان، “ڕیزبەندیی زانکۆکانی جیهان”ـە، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین و گشتگیرترین ریزبەندییەکان.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە هەڵسەنگاندنی زانکۆکاندا پشت بە چەند پێوەرێک دەبەسترێت، لە ناویاندا “ژینگەی فێربوون، رێژەی خوێندکاری دکتۆرا بەراورد بە بەکالۆریۆس، رێژەی مامۆستایانی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا، رێژەی خوێندکار بەراورد بە مامۆستا، داهاتی زانکۆ، ناوبانگ لە وانەوتنەوەدا، ژمارە و ناوبانگی توێژینەوەکان، فەندی توێژینەوەکان، کاریگەریی توێژینەوەکان، کاریگەریی ئاماژەپێدان، کاریگەریی و بەرزی ئاست و بەهێزی توێژینەوەکان، گواستنەوەی زانیاریی،بەڵگەنامەی مافی خاوەندارێتی، بەنێودەوڵەتیبوون، توێژینەوەی هاوبەشی نێودەوڵەتی، ستافی وانەبێژی نێودەوڵەتی، خوێندکارانی نێودەوڵەتی، ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن”.

زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمجارە لەو ریزبەندییەدا بەشداری بکات و توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.

زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە و بە “زانکۆی دایک” ناوی دەبرێت، لە ساڵی ١٩٨١دا، رژێمی بەعس زانکۆی سلێمانیی بە زەبری هێز بۆ هەولێر گواستەوە و ناوەکەی بۆ ‘زانکۆی سەڵاحەدین’ گۆڕی. دواتر لە ساڵی ١٩٩٢دا، زانکۆی سلێمانی بۆ جاری دووەم دامەزرێنرایەوە.

زاکۆی سلێمانی لەڕووی ئەکادمییەوە هەردوو پرۆگرامی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا پێشکەش دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس، بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا، ماستەر و بڕوانامەی دکتۆرا دەبەخشێت.

‎وەزارەتی دارایی هەرێم ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر مووچە بڵاوكردەوە
پێت ‎وەزارەتی دارایی هەرێم ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر مووچە بڵاوكردەوە
دوو دەرمانی منداڵان لە دەرمانخانەكانی هەرێم قەدەغەكرا
دوات دوو دەرمانی منداڵان لە دەرمانخانەكانی هەرێم قەدەغەكرا
پەیوەندیدار