وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم بەرپرسیارێتی دواکەوتنی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70ی خستە ئەستۆی بەرپرسانی ئەو هێزە و ڕایگەیاند کە دۆسیەیان نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسیەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 ڕایگەیاند خانەنشینانی ئەو هێزانە هیچ دۆسیەیەکیان نە لە وەزارەتی دارایی و نە لە خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگەدا نییە.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە مانگی چواری ڕابردووەوە بەغدا یەک دیناری بۆ مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 نەناردووە و پێشتریش وەزیری دارایی هەرێم لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی پارەی بۆ خەرجکردوون.
هونەر جەمال بەرپرسیارێتی چارەسەرنەکردنی کێشەی خانەنشینانی هێزەکانی 70ی خستە ئەستۆی بەرپرسانی ئەو هێزانە و وتی: “11 ساڵە نەیانتوانیوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن” و بەمدواییش لە کۆی نۆ هەزار خانەنشین، تەنها دۆسیەی نزیکەی 200 کەسیان ناردووە و زۆربەی ئەو دۆسیانەش کێشەیان هەیە.