ئەمڕۆ دووشەممە 7/10/2024، سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە قەزای چەمچەماڵ ڕایگەیاند، وەك هێزێكی سیاسی ئەركمانە ڕێگری بكەین لە ئەنجامدانی ستەم و ستەمكاران و داكۆكیكار بین لەبەدەستهێنانی مافی هاووڵاتیان و مافخوراوەكان.
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ڕاشیگەیاند، دروشمی (ئیتربەسە) شیعارێكی سیاسی نیە بەڵكو پرۆژەیە بۆ ڕاستكردنەوەی فەشەلی 33 ساڵ حكومڕانی لە هەرێمی كوردستاندا.
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئەوەشی خستەڕوو، یەكگرتوو پرۆژەیەكە كە زیاتر لە 30 ساڵ لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێم خزمەتی كردوەو ڕوبەڕوی چەندین كێشەو گرفت كرایەوە و بەناهەق خوێنیان ڕژاندین كە تاوان لەوە گەورەتر نەبووە، ویستیان ڕامانكێشن بۆ چەندین شەڕ و پیلانی نەخوازراو، بەڵام بەخۆڕاگری و حیكمەت توانیمان سەرجەمیان تێپەڕێنین.
سەڵاحەدین بەهائەدین پەیامێکی بە لایەنە سیاسییەکانی نێو دەسەڵاتدا و وتی، حكومەت و كەرامەتی خۆتان و باوباپیرانتان خستەژێر پرسیارەوە، دۆستەكانتان هەمووی ڕەنجاندو دڵی ناحەزانتان خۆش كرد ئەمە ڕاست نیە كە ئێوە ئەنجامی دەدەن، بۆیە ئیتربەسە دروشمێكی ئەم قۆناغەیەو دواتر دەبێتە پرۆژەی كاری سیاسیمان بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
جەختیشکردەوە، چونە پەرلەمان و لەمینبەری پەرلەمانی كوردستان داكۆكیكردن لەمافی هاووڵاتیان ئەركێكی پیرۆزەو یەكێكە لەجیهادە سەردەمیەكان.