جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، بەهۆی لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ، زۆر لە پرسەكان، بەتایبەت پرسی مووچە، چارەسەر كراون. دەشڵێت: “تەمویلی تەواوکاری مووچەی مانگی 9 لەم چەند ڕۆژەدا دەنێردرێـت.”
د.شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: “نێوانی هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ئاستێكی زۆر باشدایە و لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراقدا هەیە لەسەر زۆر لە پرسەكان، بەتایبەت پرسی مووچە، گرفتەكانی لیستی مووچە و ئەوانەی بایۆمەترییان نییە لەم چوارچێوەیەدا چارەسەر كراون.”
ئاماژەی بەوەشدا: “ئێمە هەفتەی داهاتوو لە بەغدا كێشەكانی مووچەی مانگی ئاب (8)مان چارەسەر كرد و تەمویلەكەی ڕەوانە كرا و مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ش لەم چەند ڕۆژەدا تەواوکاریی تەمویلەكەی دەنێردرێـت و لە هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی 9 دابەش دەكرێت.”
جەختی كردەوە، هەموو گرفتەكانی بەردەم مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ڕوو لە چارەسەركردنن.