قوباد تاڵەبانی: دەبێت مینحە و مووچەی شەهیدان هاوتای عێراق بكرێت



لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەی بۆ پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەم کابینەیەدا بڕیاری دابەشکردنی 11 هەزار پارچە زەوی دەرکرد، کەچی دواتر لە زۆربەی شوێنەکان کێشە بۆ جێبەجێکردنی دروستکرا و دەشڵێت: مینحە و مووچەی شەهیدان بخرێتەسەر بەغدا.

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەكدا لە ئیدارەی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، بڕیادرا نوێنەرایەتییەک بۆ بنەماڵەی شەهیدان لە ئیدارەی ڕاپەڕین دروست بکرێت، کە ئەو نوێنەرایەتییە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی لە پەیوەندیدا دەبێت و خۆشی وەک ئەندامی فەخری ئەو نوێنەرایەتییە دیاری کرا، كە ئەرکی ئەو نوێنەرایەتییە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم بنەماڵەی شەهیدان دەبێت و ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی کار دەکەن.

ڕاشیگەیاند، بڕیاریش درا ئەگەر ئەم نوێنەرایەتییە سەرکەوتووبوو لە کارەکانی، لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەموو ناوچە و دەڤەرەکانی دیکەش نوێنەرایەتی هاوشێوە بۆ بنەماڵەی شەهیدان دروست دەکرێت کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی لە پەیوەندیدابن.

قوباد تاڵەبانی بەڵێنیشی دا، کە “یەکێتی بە هەموو هێز و تواناوە پشتگیری ئەم نوێنەرایەتییەی بنەماڵەی شەهیدان دەکات و پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا بۆ دروست دەکات”.

ڕوونیشیکردەوە، لە چەند ساڵی رابردوودا یەکێتی هەوڵیداوە کە مینحە و مووچەی شەهیدان بخرێتەسەر بەغداد، بۆ ئەوەی مووچە و ئیمتیازاتی بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عیراق بکرێت و لەمەودواش زۆر زیاتر و پێداگرتر لە جاران لەم هەوڵەی بەردەوام دەبێت.

قوباد تاڵەبانی باسی لە پڕۆژەیەکی دیکەی یەکێتی کرد، کە لە پەرلەمان و کابینەی داهاتوودا جێبەجێی دەکات، ئەویش دامەزراندنی منداڵانی شەهیدانە و وتیشی، “ئەم پڕۆژەیە بەبێ یەکێتییەکی بەهێز جێبەجێ ناکرێت”.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، لەم کابینەیەدا بڕیاری دابەشکردنی 11 هەزار پارچە زەوی دەرکرد، کەچی دواتر لە زۆربەی شوێنەکان کێشە بۆ جێبەجێکردنی دروستکرا و وتیشی، “نەتوانرا بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، چونکە یەکێتی لە حکومەتدا لاواز بوو، هەربۆیە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی یەکێتی، تا بتوانێت ئەم بڕیارە و بڕیاری هاوشێوەی دیکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بنەماڵەی شەهیدان جێبەجێ بکات و هیچ هێز و لایەنێک نەتوانێت کێشە لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیار و پڕۆژەکانی یەکێتیدا دروست بکات”.

 

مەسرور بارزانی: پارتی لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمان یەکەم دەبێت
پێت مەسرور بارزانی: پارتی لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمان یەکەم دەبێت
دەربارەی نرخی ئارد ڕوونكردنەوە دەدرێت
دوات دەربارەی نرخی ئارد ڕوونكردنەوە دەدرێت
پەیوەنیدر