یەكێتی پڕۆسەی تەوتینی مووچە دەستپێدەكات



دوابەدوای وتەكانی سەرۆكگی یەكێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری كۆیە، وتەبێژی لیستی هەڵبژاردنی ئەو حزبە و وتەبێژی هێزەكانی 70 ڕایدجەگەیەنن، كە دەست بە تەوتینی مووچە لەڕێگەی بانكە فیدڕاڵییەكانەوە دەكەن.

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی لیستی ١٢٩ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ دوو شەممە ٧ـی ١-ـی ٢٠٢٤، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر ڕۆشنایی وتارەکەی بافڵ تاڵەبانی لە شاری کۆیە بە هەموو شێوەیەک پڕِۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەڕێگای (هەژماری من)ـەوە ڕەتدەکاتەوە و پڕۆژەی تەوتین بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە پەسەند دەزانین، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستاندایە”.

ئاشكراشی كرد، “تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشتر لە حکومەت کاری جددی کردووە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لە هەمان کاتدا ڕامانگەیاندووە، کە ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەکی ئارەزوومەندانەیە و نابێت بە هیچ شێوەیەک مووچەخۆر ناچار بکرێت بەشداری سیستمەکە بکات یاخود بەزۆر بانکێکی بۆ دیاریبکرێت، بۆیە لەژێر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، یەکێتی لەگەڵ تەوتین-ە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەم ڕوانگەیەشەوە تیمی یەکێتی لە حکومەت و پەرلەمانی عیراق ڕاسپێردراون، کە کاری جددی بکەن بۆ تەوتین-ی مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکە حکومییەکانی عیراق، هاوکات هێنانی لقی بانکە فیدراڵییەکان بۆ پارێزگای سلێمانی”.

ئاماژەی بەوەشدا: “پەیاممان بۆ لایەنە سیاسییەکان هەیە، کە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی یەکێتی بن لە ڕەتکردنەوەی هەژماری من و جێبەجێکردنی تەوتین، چونکە وەک دەزانن بەشێکی زۆری پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لای لایەنەکانی دیکەن و پێویستە هاوکارمان بن”.

لای خۆشیەوە، ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەکانی 70ی یەكێتی ڕایگەیاندووە، “یەک مووچەخۆرمان نییە بەشداریی هەژماری من-ی کردبێت”.

ڕاشیگەیاندووە، “بڕیارمانداوە بەبانکیکردنی مووچەخۆرانمان لەرێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە بکەین، واتا لەڕێگەی بانکی حکومیی عێراقییەوە هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانمان دەکەینەوە”.

وتیشی، “لەگەڵ ئەوەدان مووچەخۆران هەژماری بانکییان هەبێت”.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە پڕۆژەی ‘هەژماری من’ لە هەرێمی کوردستان 600 هەزار مووچەخۆر ناویان تۆمارکردووە و 132 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی 8 بانکی ناو پرۆژەی ‘هەژماری من’ مووچەی مانگی 8 وەردەگرن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە وتاری بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەی لە شاری كۆیە ڕایگەیاند، “پڕۆژەی هەژماری من، نە هی منە و نە هی ئێوەیە، بەڵكو پڕۆژەی هەژماری مەسرور بارزانییە و ڕەتی دەكەینەوە و كەس نەیكات و بچن تەوتینی مووچە بكەن”.

 

نرخی دۆلار شكا
پێت نرخی دۆلار شكا
لە ڕووداوێكی هاتووچۆدا سێ‌ كەسی خێزانیان گیانیان لەدەستدا
دوات لە ڕووداوێكی هاتووچۆدا سێ‌ كەسی خێزانیان گیانیان لەدەستدا
پەیوەنیدر