ئەمڕۆ یەك شەممە 6/10/2024، سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕایگەیاند: وێستگەی هەڵبژاردن زۆر گرنگە و پرۆسەیەكی دیموكراسییە بۆ وەرگرنتی دەسەڵاتی چاودێریكردن، یەكگرتووی ئیسلامیی لەپێش ڕاگەیاندنی و دوای ڕاگەیاندنی حزبیش بڕوای تەواوی بەم پرۆسەیە هەبووە و ئەو كاتەوەو ئێستاش زۆر بەجددی كاری لەسەر دەكەین.
ئەمینداری گشتی باسی لە بارودۆخی عێراق و هەرێم و ناوچەكەی كرد و روونی كردەوە ناوچەكە هەمووی ئاگری گرتوەو پیلانەكە كۆنە و ئێستا ئیسرائیل دەیەوێت جێبەجێی بكات ئەگەر بۆی بچێتە سەر، جێگای داخە پرۆژەكانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموكراسییەت هەمووی درۆ دەرچوون و ڕۆژانە لە غەززە و لوبنان بە سەدان هاوڵاتی سڤیل دەبنە قوربانی و لەهەمان كاتیشدا رۆژئاواش هاوكاری ستەمكاران و زاڵمانە.
هەر لەو دیدارەدا، ئەمینداری گشتی ڕایگەیاند: عێراق بەشێكە لە پیلانەكەو پێویستە حكومەت و هێزەكانی دەرەوەی حكومەت لە عێراق و هەرێمیش بەرنامەو پلانی گونجاویان بۆ رووبەرووبوونەوەی دۆخەكە هەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا حكومەت و حوكمڕانی پڕبووە لە قەیران و لەپاڵ ئەمەشدا ناوخۆی بەشێك لە حزبەكانیش پڕ بووە لە قەیران و هەموو قەیرانەكانیش كاریگەری خراپیان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان كردووە و حكومەت بێباكە و تەنها لەبواری مووچە ٥٤ مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە.