هاوسەرەکان چۆن خۆیان لە ناکۆکییە داراییەکان بەدوور بگرن؟



ڕەنگە پارە یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناکۆکی نێوان هاوسەرەکان و لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت مەترسی لەسەر پێکەوەژیان و خێزان دروست دەکات.

لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاستەنگە ئابوورییانەی کە زۆرینەی خێزانەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، دەکرێت ببێتە هۆی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هاوسەران و مەترسی ئەوەشی لێدەکرێت سەر بۆ جیابوونەوە و پەرتبوونی خێزان بکێشێت.

بەڵام بەڕێوەبردنێکی باش و زیرەکان لە بوارە داراییەکان دەتوانێت دۆخە سەختەکان بکاتە دەرفەتێک بۆ هاوکاری و بنیاتنانی لێکتێگەیشتنێکی قووڵتر لە نێوان هاوسەرەکاندا.

یەکەم هەنگاو چی بکەین؟

 

 “مەهێڵە پارە کاریگەری لەسەر ژیانی هاوسەرگیریت هەبێت”

ئەمە تەنها دروشم نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ فێربوونی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کاروباری دارایی بە هاوبەشی، و دۆزینەوەی هاوسەنگی لە نێوان خەرجکردن و پاشەکەوتکردندا، ئەمەش دەبێتە پردێک لە بەرزکردنەوەی وابەستەیی و لێکتێگەیشتن لە نێوان هاوسەرەکان دوور لە ئاڵۆزییە داراییەکان.

لەم چوارچێوەیەدا ڕاپۆرتێکی پلاتفۆرمی “کاتە ئابوورییەکان economic time” ئاماژە بەوە دەکات کە:

  • دۆخەکە دەکرێت ئاڵۆزتر و دژوارتر ببێت ئەگەر هاوبەشی ژیانت باش نەناسیت.
  • پێش هاوسەرگیری و لەکاتی هاوسەرگیریدا ژن و مێردەکە باسی زۆر شت دەکەن، ڕەنگە گفتوگۆکان دەربارەی ئارەزووکان و خولیا و فیلمە دڵخوازەکانیان و شوێنی پشوودان و خواردەمەنییەکان بسووڕێنەوە، بەڵام گفتوگۆ گرنگەکان سەبارەت بە پارە بەزۆری چاوپۆشییان لێدەکرێت.
  • جیاوازییەکی بەرچاو لە بەڕێوەبردنی داراییدا، کە هاوبەشێک هەمیشە هەوڵی پاشەکەوت دەدات ی و ئەوی دیکەیان چێژ لە خەرجکردن وەردەگرێت، ئەمەش گرفتی گەورە لە داهاتوودا دروستدەکات.
  • هەندێک ناکۆکی ئاسانە بۆ چارەسەرکردن، بەڵام ناکۆکی گەورە و جیاوازی دارایی زۆر دەکرێت گرفتەکان بەرەو دۆخێکی دژوارتر بەرن و ببنە کارتێکی فشاری بەهێز.

لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاناند ڕاتی وێڵز، فیرۆز عەزیزەوە هاتووە، “پێویستە لێکتێگەیشتنی قول هەبێت لەسەر بابەتە داراییەکان، بۆ ئەوەی بڕیارەکان بە شێوەیەکی هاوبەش بدرێت، ئەمەش ڕێگری لە فشار لەسەر پەیوەندییەکە دەکات.

ناکۆکی دارایی دەتوانێت پەیوەندییەکە خراپتر بکات، چونکە توێژینەوەیەک کە لەلایەن کۆمپانیای یاسایی خیمێنیزەوە ئەنجامدراوە کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، نیشانی دەدات لەسەدا ٢٩ی جیابوونەوەکان لەو وڵاتە بەهۆی گرفتە داراییەکان و ئاستی نزمی داهات و بژێوییەوەیە.

چۆن ئەمە تێپەڕێنین؟

  • کلیلی ڕێگریکردن لە ململانێی دارایی دوای هاوسەرگیری پەیوەندی ڕاشکا و کراوەیە لەسەر بنەمای بەهەندوەرگرتنی بارودۆخەکان.
  • هەردوو هاوبەشەکە پێویستە هەست بە ئاسوودەیی بکەن لە گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە داراییەکان بەبێ ترس و بڕیاری هاوبەش و گونجاو بۆ ئەو دۆخەیان بدەن.

مێگا دوتا، دەروونناس دەڵێت، زۆرێک لە هاوسەرەکان باری دارایی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشکرا ناکان، چونکە هەوڵ دەدن هەندێک پاشەکەوت بکەن و بۆ دۆخی دژوار هەڵیبگرن، کاتێک ئەمە دەبێت هاوژینەکەی لەبری ئەوەی پرسیار و لێکۆڵینەوەی ڕاستەوخۆی لێبکات ، پێویستە بابەتەکە وەک باسێکی فراوانتر بکاتەوە سەبارەت بە ئامانجەکانی ژیان.

زۆرجار بڕیارە داراییەکان بە پێی پاشخانی کەسێک و ئەزموونەکانی ڕابردوو لە قاڵب دەدرێن، گرنگە هاوبەشێک بدۆزیتەوە کە بیرکردنەوەی دارایی لەگەڵ بیرکردنەوەی تۆدا بگونجێت، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە بەباشی لەخۆت تێبگەیت و بزانیت دۆخی دارایت چۆنە.

ڕاستگۆیی و شەفافیەت

شارەزای بازاڕە داراییەکان، هانان ڕامسێس، ئاماژەی بە گرنگی ڕاشکاوی و شەفافیەت لە نێوان هاوسەرەکان کرد لە بەڕێوەبردنی بابەتە داراییەکانی خێزان، هاوکات دەبێت سیستمێک بۆ پاشەکەوتکردن تەرخان بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی نائاسایی، دەشڵێت قەرزی بەردەوام چارەسەرێکی بەردەوام نییە، بەڵکو پێویستی بە گەڕان بەدوای ڕێگایەکدا هەیە بۆ زیادکردنی داهات، وەک کاری زیادە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک هەنگاوێکی سەرەکی و دروستکردنی متمانە دەبێت ژن بەشداری بکات لە بەرپرسیارێتی ماڵەکەدا، تەنانەت ئەگەر تەنها بە بەشێکی کەمی داهات بەشداریشبێت، بەڵام بەبێ ئەوەی هەست بکات هەموو داهاتەکەی بۆ ماڵەکە تەرخانکراوە، لە هەمان کاتدا ئازادی هەڵبژاردن بۆ خۆی بەجێدەهێڵێت.

لە بەرامبەردا پێویستە هاوسەر پشتیوان بێت و پابەندبوونی تەواو بەسەریدا نەسەپێنێت، پێویستە ئەمە بەهەند وەربگیرێت کاتێک ژن هەست بەو سەختییانە دەکات کە ڕووبەڕووی خێزانەکە دەبێتەوە.

سەبارەت بەو خێزانانەی کە توانای سنوورداریان هەیە، پێویستە سەرنجیان لەسەر بنەماکان بێت و خۆیان لە شتە گرانبەهاکان بەدوور بگرن.

ڕامسێس ئاماژەی بەوەدا کە ڕاشکاوی ڕەها لە زانینی سەرچاوەی داهاتی نێوان هاوسەرەکان بەشدارە لە دوورکەوتنەوە لە کێشە داراییەکان، چونکە نەبوونی شەفافیەت ڕەنگە ببێتە هۆی پێکدادان.

ڕوونیشیکردەوە، ناکۆکی دارایی تەنانەت لە پەیوەندییەکانیشدا باو و ئاساییە کە بە خۆشەویستی و لێکتێگەیشتن دەستیپێکردووە، هەربۆیە دەبێت ژنەکە لە کارەکانیدا ژیر بێت، بەتایبەتی ئەگەر لە ماڵی باوکیدا بە ئاستێکی جیاوازی ژیانی ڕاهاتبێت.

ڕوونیشیکردەوە کە سەرکەوتن لە بەڕێوەبردنی ماڵێکدا بەندە بە ڕێکخستنی ورد، بە تۆمارکردنی خەرجییەکان و داهاتەکان هەروەک چۆن بودجەی هەر کۆمپانیایەک بەڕێوەدەبرێت.

کولتوری دارایی

بەڕێوەبەری سەنتەری ڕۆیا بۆ لێکۆڵینەوە ئابوورییەکان جەختی لەوە کردەوە کە بەڕێوەبردنی بابەتە داراییەکان لە چاندنی چەمکی “کلتوری دارایی”ەوە دەست پێدەکات، کە چەمکێکە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کولتوورەکانی زۆرێک لە گروپە کۆمەڵایەتییەکان بڵاونەکراوەتەوە، ڕوونیشیکردەوە کە مەنهەجەکان لە قۆناغە بنەڕەتییەکاندایە، وەکو سەرەتایی و ئامادەکاری، پەروەردەی خوێندکارانیان نییە چۆن مامەڵە لەگەڵ پارەدا بکەن.

ئەوان فێری چەمکی سادەی وەک “داهات یەکسانە بە خەرجکردن لەگەڵ پاشەکەوتکردن لەگەڵ وەبەرهێنان”، ئەمەش تێگەیشتنی دارایی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی داهات بە شێوەیەکی هاوسەنگ بەرز دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگە منداڵان فێری خەرجییەکانیان بکەن بۆ سێ بەش، یەکێکیان بۆ پاشەکەوتکردن، یەکێکیان بۆ خەرجکردن، و بەشێکی دیکەیان بۆ وەبەرهێنان، تەنانەت ئەگەر وەبەرهێنانەکەش سادە بێت.

بیرۆکەکە تەنها پاشەکەوتکردن یان خەرجکردن نییە، بەڵکو فێربوونە چۆن بە زیرەکی پارە بەڕێوەببەیت و لێرەوە پەروەردەی دارایی دروست دەستپێدەکات، کە دواتر یارمەتی تاکەکان دەدات کاروباری خێزانەکانیان بەڕێوەببەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی دارایی لەدوای هاوسەرگیرییەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە منداڵییەوە دەست پێدەکات بەهۆی نەبوونی ڕێنمایی دروست سەبارەت بە پاشەکەوتکردن، خەرجکردن، وەبەرهێنان، و کڕین.

هەروەها باسی لە کێشەی زۆری تێچووی هاوسەرگیری لە کۆمەڵگا عەرەبییەکان کرد لە ئەنجامی زیادبوونی پێداویستی ماددی، وەک مۆبیلیاتی مارکە و چەندین ئامێری کارەبایی.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم تێچووە زۆرانە، جگە لە کەمی مووچە و گرانبوونی نرخ، دەبێتە هۆی دواکەوتنی تەمەنی هاوسەرگیری و زیادبوونی ڕێژەی سینگڵی.

سودانی: هەوڵدەدەین ڕێگە لە فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان بگرین
پێت سودانی: هەوڵدەدەین ڕێگە لە فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان بگرین
ئێران سەرجەم گەشتی فڕۆكەوانی لە ئاسمانی وڵاتەكەی ڕاگرت
دوات ئێران سەرجەم گەشتی فڕۆكەوانی لە ئاسمانی وڵاتەكەی ڕاگرت
پەیوەندیدار