ئەنجومەنی باڵای فتوا ڕایدەگەیەنێت، هەڵكەندنی بیری نایاسایی كارێكی نادروستە، هەموو ئەو كەسانەی هاوكار دەبن لە لێدانیدا گوناهبار دەبن، دەشڵێت،”بەپێی دەقەكانی شەریعەت هەموو زێدەڕۆییەك لە بەكارهێنانی ئاودا حەرامە”.
ئەنجومەنی باڵای فتوا لە یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەكانی ئاو داوای لە مەكتبی تەنفیزیان كردووە، كە لەبارەی بیری قاچاغ و خراپی بەكارهێنانی ئاو فتوایەك دەربكرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە بەپێی دەقەكانی شەریعەت هەموو زێدەڕۆییەك لە بەكارهێنانی ئاودا حەرامە و بۆیە هەڵكەندنی بیری نایاسایی كارێكی نادروستە، هەموو ئەو كەسانەی هاوكار دەبن لە لێدانیدا گوناهبار دەبن، هەروەها پێدان و وەرگرتنی بەرتیلیش بۆی لە گوناهە گەورەكان هەژمار دەكرێت .
ئەوەشخراوەتەڕوو، كە تەجاوزكردن بۆ سەر پڕۆژەكانی ئاو بە هەموو شێوەكانیەوە دەچێتە خانەی غەشەوە و حەرامە و هەروەها داواش لە لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، كە پلانی گونجاو و بە پەلە دابنێن و كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانی ئاوە.