مەسرور بارزانی: ئەم هەڵبژاردنە هەستیارە و چارەنووسی خۆمان دیاری دەکەین



جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی بە ڕووداوێکی هەستیار وەسفکرد “بۆ دیاریکردنی چارەنووسی وڵات و داهاتووی منداڵەکانمان”

ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دهۆک لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی دهۆک کۆبووەوە و ڕایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە ڕووداوێکی هەستیار و مێژوویی دەبێت بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان. هەر بڕیارێک لەم هەڵبژاردنە بدەین چارەنووسی وڵاتی خۆمان دیاری دەکەین، داهاتووی منداڵەکانی خۆمان دیاری دەکەین، بڕیاردانی ئێمە دیاریی دەکات دوای ئەم هەڵبژاردنە لە چوار ساڵی داهاتوودا شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بە چ شێوەیەک دەبێت.

وتیشی: بڕیار لە ڕۆژێکدا بۆ هەڵبژاردن دەدرێت، بەڵام بڕیاری ئەم هەڵبژاردنە چوار ساڵ بەردەوام دەبێت، هەروا ئەنجامی بڕیاری ئێوە هەرچییەک بێت، ئەم چوار ساڵەی حوکمڕانی دیسان دەبێتە بەرهەمی بڕیاری ئێوە، هەربۆیە داوا لە هەموو خوشک و برایانی هێژا دەکەم، چ ئەوانەی ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون یان هەموو ئەو هاووڵاتییانەی لە هەر شوێنێکن و گوێ بیستی ئێمە دەبن، داواتان لێ دەکەم لەم هەڵبژاردنە بڕیارێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بدەن، بۆ ئەوەی بزانین داهاتووی ئەم وڵاتە و ئەم دەستکەوت و ئەزموونەی کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنج و خەباتی پێشمەرگە و خۆڕاگری خەڵکێکی قارەمانە، بە هەدەر ناڕوات.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند “ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین و هەر یەکێک لە ئێمە وا پێشبینی بکات کە ئەم دۆخە هەروا بەردەوام دەبێت، یان دەنگ بدەم یان دەنگ نەدەم هیچ جیاوازییەکی نییە، هەڵەیە، چونکە ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە دەنگ نەدات، ئەوە کەسێکی دیکە لە جێگەی دەنگ دەدات، ئەگەر ئێوە بڕیار نەدەن، کەسی دیکە لە جێگەی ئێوە بڕیار دەدات”.

وتیشی: گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمە لە کاتێکدایە کە گۆڕانکاریی خێرا لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن و دیار نییە چارەنووسی ناوچەکەش بەرەو کوێ دەچێت؛ هەر بۆیە وڵاتەکەی ئێمە پێویستی بە بڕیاری حەکیمانە هەیە و سەرکردایەتییەکی حەکیمانەی دەوێت، تەنیا بە گوتار و قسەکردن و بەڵێن دان، وڵات بەڕێوە ناچێت، هەربۆیە پێویستە خوێندنەوەیەکی دروستمان لەسەر ڕابردووی هەر لایەنێکی سیاسی هەبێت، بۆ ئەوەی بزانین لە ئاستی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەن یان نا.

دۆلار گەیشتەوە بەرزترین ئاست
پێت دۆلار گەیشتەوە بەرزترین ئاست
کێشەی پاشەکەوتی مووچەی ژینگەپارێزانی گەرمیان چارەسەرکرا
دوات کێشەی پاشەکەوتی مووچەی ژینگەپارێزانی گەرمیان چارەسەرکرا
پەیوەندیدار