بەهۆی توندبوونەوەی مەترسییەكانی جەنگ و هێرشە مووشەكییەكانی ئێران و هەڕەشەكانی ئیسڕائیل بۆ وەڵامدانەوەی، نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ماوەی دوو هەفتەیە بەهای دۆلار لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ كردنەوەی بازاڕی دراوەكان، بەهای دۆلار بەراورد بە داخستنی لە ڕۆژی پێنج شەممەدا دابەزیبوو، بەڵام بە چەند قۆناغێك بەرزبووەوە.
ڕاشیگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار بە 153 هەزار و 250 دینار بوو، بەڵام لەكاتی داخستنی لە ئێوارەدا گەیشتە 154 هەزار و 200 دینار.
شەوی 1ی ئەم مانگە، كۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەك مووشەكی ئاڕاستەی ئیسڕائیل كرد و ئەوەش مەترسی هەڵگیرسانی جەنگێكی دیكەی جیهانی دروست كرد و كاریگەری كردە سەر ئابووری جیهانی و بەوەش نرخی زێڕ و دۆلار بەرزبوونەوە.