دەزگای ئاسایشی هەرێم لەماوەی کەمتر لە ١٥ کاتژمێردا بکوژی هاووڵاتییەکەی ناحیەی (خدران)ی دەستگیرکرد.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، شەوی ڕابردوو ٢٠٢٤/١٠/٤ کاتژمێر ٩ی شەو، لە(گوندی كانی سپان)ی ناحیەی خدران، هاووڵاتییەک بە ناوی (خالید حەمە سوور) بەهۆکاری مامەڵەی نێوان بکوژ و کوژراو و دروستبوونی دەمەقاڵێ لە نێوانیان بەچەکی جۆری دەمانچە دەکوژرێت.
ڕاشیگەیاندووە، کەسی بکوژ پاش ئەنجامدانی تاوانەکە شوێنی ڕووداوەکە بەجێدەهێڵێت و هەڵدێت، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش هەوڵەکان چڕکرانەوە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری ڕووداوەکە.
ئاشكراشی كردووە، پاش ١٥ کاتژمێر ئاسایشی ڕاپەڕین توانیان بکەری ڕووداوەکە بەناوی (ش.خ.ح ) لە(چیای کۆسرەت) دەستگیربکەن و ڕووبەڕووی یاسای بکەنەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، لەئێستادا تۆمەتبار بەماددەی (٤٠٦) لەیاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.