وەزیری خوێندنی باڵا بۆ دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ ڕوونکردنەوە دەدات



وەزیری خوێندنی باڵا لەبارەی دامەزراندنی سێ یەکەمە دەرچووەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەڵێت، “هیچ بڕیارێک نییە لەسەر داهاتی ناوخۆ دابمەزرێن”.

ئەمڕۆ شەممە، ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، پێویستە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو مامۆستایانەی زانکۆ کە خانەنشین دەبن، سوود لە یەکەمەکانی زانکۆ ببینرێت، بۆ ئەو مەبەستەش کاروبارە کارگێڕییەکان بۆ دامەزراندنیان ئەنجامدراوە.

ئاماژەی بەوەکرد، پرسی دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و گفوتگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام  پێویستی بە تەرخانکردنی بودجەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، هەرچەندە تا ئێستا ناوەکان بۆ بەغدا نەنێردراوە و بڕیاریش نییە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم دابمەزرێن.

هەفتەی ڕابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵای دەرکرد. ئارام محەممەد لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، هەوڵدەدرێت مامۆستایان و فەرمابەرانی گرێبەست بکرێنە هەمیشەیی، بۆ لەمەودواش ئەگەر مامۆستایان بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان پێویست بن، لەبری وانەبێژی ڕاستەوخۆ دەکرێنە گرێبەست.

سەبارەت بە دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆش وتی، هەموو ساڵێک لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن فەرمانی خەرجکردنی دەرماڵە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بەڵام خەرجکردنەکە لە دەسەڵاتی وەزارەتەکەماندا نییە، ئەو خوێندکارانەی دەرماڵەیان وەرنەگرتووە و خوێندنیان تەواوکردووە، دوای دەرچوونیشیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان ئەو مافەیان نافەوتێت.

“ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی پڕکردنەوەى فۆڕمى زانکۆلاینە “
پێت “ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی پڕکردنەوەى فۆڕمى زانکۆلاینە “
بۆمبێک لەبەردەم دوکانێکی ئاڵوگۆڕی دراو تەقییەوە
دوات بۆمبێک لەبەردەم دوکانێکی ئاڵوگۆڕی دراو تەقییەوە
پەیوەندیدار