جێگری سەرۆکی پارتی لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەولێر رایگەیاند”گەورەترین سەرکەوتن بەدەست دەهێنن”.
چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەولێر،کە لەناو قوتابییان، لاوان و ئافرەتان لە شاری بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، بەدەنگی لاوان و ئێوە خودا یاربێت سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێنین و وڵات زیاتر ئاوەدان دەکەینەوە.
مەسرور بارزانی وتیشی، هەندێک لایەن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن هەندێک بەڵێن دەدەن و بەردەوام هەوڵیان داوە لاوانی هەرێمی کوردستان بێ ئومێد بکەن، پارتی هاتووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هیوا بۆ لاوانی هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.
مەسرور بارزانی ئەم هەڵبژاردنەی بە بایەخ و چارەنووسساز ناوبرد و داوایکرد سەرجەم لایەنەکان بەشێوەیەکی مەدەنی بانگەشە بکەن و دوورکەونەوە لە زبری و توندوتیژی، و وتیشی”ئەوەندەی تێدا بهێڵنەوە کە لە داهاتوودا بتانبورین”.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، وەک پارتی هەرگیز نەمانویستووە خەڵک لێمان بترسێت و بەچاوسورکردنەوە و هەڕەشە خەڵک و لایەنگر لەخۆمان کۆبکەینەوە، بەڵکو پارتی بە کردار کاری کردووە و خەڵک هەڵیدەبژێرن، ئێمە وەک پارتی دەستکەوتمان زۆر بووە، بەڵام بەبێ پارتی هیچ لایەنێک نەیتوانیوە دەستکەوت بەدەستبهێنێت.
مەسرور بارزانی جەختیشیکردەوە، هەرلایەن و حزبێکی سیاسی بۆ هەرمەبەستێکی هەڵبژاردن پەلاماری پارتی دەدەن سنووری خۆیان بزانن و هەندێک هێڵ نەبەزێنن”بۆئەوەی دواتر بتوانین لێیان ببورین.”