لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت، سەرۆك کۆماری عێراق ڕایگەیاند، مەترسیی دەستدرێژی ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو و بەردەوامە و هەڵوێستی دوژمنیش سوکایەتییە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان.
د.لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆك كۆماری عێراق بەشداری لە کۆبوونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کرد، کە دوێنێ دوو شەممە 30-9-2024 لە بەغداد بەڕێوەچوو، كە باس لەو پێشهاتە مەترسیدارانە کرا، کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت و لێکەوتەیان لەسەر وڵات هەیە.
سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر گرنگی پاراستنی سەروەریی عێراق و کارکردنی جدی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا، هاوکات هەڵوێستی کوتلە و لایەنە سیاسییەکانی بەرزنرخاند بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی فەڵەستین و گەلانی ناوچەکە لەڕێی میدیا و هەروەها لەڕووی سیاسی و مرۆییەوە.
وتیشی، “مەترسیی دەستدرێژی ئەگەرێکی کراوە و بەردەوامە و بڕیاری حکومەتی دوژمنیش بۆ کوشتنی منداڵ و ژن و خەڵکی مەدەنی سوکایەتیکردنە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان”.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆمار، سەرۆك کۆمار پێویستی یەکخستنی هەڵوێستەکانی لەم هەلومەرجە هەستیار و مەترسیدارەدا دوپاتکردەوە، کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت و وتی، “گرنگە بڕیارەکان بە کۆدەنگی بن و لەلایەن سەرجەم هێزە سیاسییەکانەوە قبوڵکراوبن و کاریش بکرێت لەسەر یەکڕیزیی بەرەی ناوخۆیی”.
سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە “پێویستی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەش کە لە دەرەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتن، بەمەبەستی داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو بۆ پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستین لەڕووی ئاسایش، سیاسی، میدیایی و مرۆیی”.
جەختیشیکردەوە لەسەر “پێویستیی هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی هەڵوێستی ڕوونیان هەیە لە دژی دەستدرێژی دوژمنکارانە و پشتیوانی لە مافی چارەنوسی گەلی فەڵەستین و دروستبونی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن لەسەر تەواوی خاکی نیشتمانەکەیان”.
هەروەها لە میانی کۆبونەوەکەدا، ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تەواوی بەرپرسیار کرد لە جێبەجێکردنی ئەرکی مرۆیی و ئەخلاقی بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژیی دڕندانە و زوڵم و ستەمکاری و پێشێلکردنی سەروەری.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ڕاگەیاندنی هاوبەشی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش و تەواوکردنی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانێتییەکە لەسەر خاکی عێراق تا مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو، تاووتوێ کرا.
ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت جەختیشیکردەوە، لە گرنگی یەکلاکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە زووترین کاتدا و داوای بەردەوامی هەوڵەکانی کرد لەوبارەیەوە.