شەپۆلێکی کورتخایەنی باران و ” با ” بە کاریگەری جیاواز ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و گەرمیان دەگرێتەوە و لە چەند ناوچەیەكیش بەهۆی تاوە بارانەوە ئەگەری ڕوودانی لافاو هەیە.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی خێرای کەنداوی عەرەبی و هاتنی شێیەکی زۆر لە نیمچەدورگەی عەرەبەوە، درەنگانێکی ئێوارەی سبەینێ و شەوی سێ شەممە لەسەر چوار شەممە هەندێک کات و بۆماوەی چەند کاتژمێرێک ئەگەری باران و هەورەبروسکه هەیە لە ماوەیەکی کورتیشدا ئەگەری بڕێک تەرزه هەیە.
ڕاشیگەیاند، لەپێش تاوەبارانەکان ئەگەری بەرزبوونەوەی خێرایی بای باشوور و تەپۆتۆزهەیە لە هەندێک ناوچە، هەروەک ئەگەری لافاوی کورتخایەن لە بەشێکی چەم و دۆڵەکانی پارێزگای سلێمانی و بەشێکی ئیدارەی گەرمیان.
وتیشی، “کاریگەری ئەم شەپۆلە زیاتر بەشێکی گەرمیان و خۆرهەڵاتی کەرکوک و بەشێکی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین دەگرێتەوە، پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک کاریگەری جگە لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکان لاواز دەبێت و ڕۆژی چوار شەممە کۆتایی بەم شەپۆلە کورتخایەنە دێت.
سەبارەت بە پێشبینی باران، ئاماژەی بەوەكرد، لە پارێزگای هەڵەبجە 1 تا 6 ملم و پارێزگای سلێمانی 7 تا 25 ملم و ئیدارەی ڕاپەڕین 8 تا 30 ملم و ئیدارەی گەرمیان : 1 تا 15 ملم دەبێت.
بە وتەی ئەو شارەزایەی كەشناسی، “له ناوچەکانی گەرمیان زیاتر لە ناوچەکانی نێوان ناحییەی ڕزگاری و کفری تاوەکو سەنگاو و قادرکەرەم ئەگەری تاوە باران و هەورەبروسکەی زیاتر هەیە لەگەڵ ئەگەری لافاوی کورتخایەن لە دۆڵ و چەمەکان”.