بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەئێستادا ڤاكسینی ئەنفلۆنزای وەرزی لەهەموو مەڵبەندە تەندروستیەکانی پارێزگای سلێمانی بەردەستە و هاووڵاتیان دەتوانن وەریبگرن.
سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بڕێك لە ڤاكسینی ئەنفلۆنزای وەزری گەیشتووە و لەئێستادا ئەو ڤاكسینە لە بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی و هەموو مەڵبەندە تەندروستیەكان بەردەستە و هاووڵاتیان دەتوانن ڕۆژانە سەردان بكەن بەمەستی وەرگرتنی.
ڕاشیگەیاند، ڤاكسینی ئەنفلۆنزای وەرزری ڤاكسینێكی باوەڕپێكراوە و لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پەسەندكراوە.
جەختیشی كردەوە، ئەم ڤاكسینە سوودێكی زۆری بۆ هاووڵاتیان بەگشتی هەیە بەتایبەت بۆ منداڵان و كەسانی بەساڵاچوو و ئەو كەسانەی بەرگری جەستەیان لاوازە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لەدوای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە، بەشێكی زۆری هاووڵاتیان بە ڤاكسینە جۆراوجۆرەكانی دژی كۆرۆنا خۆیان كوتا و ئەوەش بووە هۆی تێپەڕاندنی نەخۆشییەكە و كەم كردنەوەی كاریگەرییە مەترسیدارەكانی لەسەر هاووڵاتیان.