بانگەشەی هەڵبژاردنە و مووچەخۆران مووچەی دوو مانگیان وەرنەگرتووە



لەكاتێكدا بانگەشەیەكی گەرم و توند بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێكردووە و حزبەكان كێبڕكێیان دەستپێكردووە و چەندین هوتاف دژی یەك دەڵێنەوە و چەندین بەڵێن بە فەرمانبەران و چین و توێژەكان دەكەن، بەڵام هیچ خەمێك بۆ دۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان و مووچەخۆران نییە، كە دوو مووچەیان وەرنەگرتووە و دۆخی بازاڕ سستە و لە هەمان كاتیشدا پڕۆسەی خوێندن دەستی پێكردووە و خوێندكاران پێویستیان بە جلوبەرگ و پێویستی خوێندنە بە گیرفانی بەتاڵی دایك و باوكیان.

مووچەخۆران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویانە، “لەگەل قەمسەڵە و بارانی پەڵە، مووچەی چلەی هاوین وەرگرە”.

ماوەی سێ‌ مانگە مووچەخۆران لە دۆخێكی سەختی ئابووریدان و دوای دوو مانگ مووچەی مانگی تەمموز (7)یان وەرگرت و ئەوە مانگێكی دیكە تێپەڕیوە و خەریكە مانگی ئەیلوول (9) تەواو دەبێت هێشتا هیچ وادەیەك نییە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگەکانی (8 و 9) و بەرپرسانی هەرێمیش هەر ڕۆژەی باس لە وادەیەك دەكەن بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵام تەنها لیستی مووچە ئامادەیە بەبێ‌ دابەشكردنی پارەكەی.

مووچەخۆرانی هەرێم لەنێوان بانگەشەی حزبەكان بۆ هەڵبژاردن و چەندین بەڵێنیان لەلایەك و لەنێوان نەهاتنی پارە لە بەغدا و دابەشنەكردنی مووچەی دوو مانگ بە دەست و گیرفانی بەتاڵ ماونەتەوە و لە هەمان كاتیشدا لە كۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە پڕۆسەی خوێندن دەستی پێكردووە و دایكان و باوكانی مووچەخۆر بە گیرفانی بەتاڵ نازانن چۆن پێداویستییەكانی ساڵی نوێی خوێندن بۆ نەوەكانیان بكڕن.

(خەڵك) بۆ بەدواداچوونی پرسی دابەشكردنی مووچە پەیوەندی كرد بە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا و هەروەها پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم و هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام پەیوەندییەكەیان بەردەست نەبوو.

لای خۆشیەوە، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ میدیاكان وتی، “لەگەڵ گەیشتنی پارەی تەواوکاریی مووچەی مانگی 8 خشتەی دابەشکردنی مووچە ڕادەگەیەنرێت و سەرجەم وەزارەتەکان لەماوەی چەند ڕۆژێکی کەم مووچە وەردەگرن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “دەبوو ئەمڕۆ تا کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ پارەی تەواوکاریی مووچەی مانگی 8 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بخرایەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئەم ساتە ئەو کارە نەکراوە”.

هاوكات، میدیاكانی یەكێتی و پارتی بەردەوام لە سەرچاوەی وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئەوە بڵاودەكەنەوە، كە بەم زووانە پارەی مووچە دەگات و دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.

بەپێی وتەی بەرپرسانی هەرێم، داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێم زیاتر لە 350 ملیار دینارە و لەو بڕە زیاتر لە 150 ملیار دیناری بۆ خەرجی بەكاربردنی وەزارەتەكان خەرج دەكرێت، بەڵام تا داهاتی مانگی 5 بڕی مانگانەی 80 بۆ 90 ملیار دیناری ڕادەستی عێراق كراوەتەوە و داهاتی مانگەكانی دواتر ماوەتەوە و لەو بڕەی دەمێنێتەوە لە خەرجییەكانیش هیچ پارەیەك نەخراوەتە سەر پارەی مووچە بۆ تەواوكاری و دابەشكردنی مووچەی مانگێكی مووچەخۆران.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڕۆژانە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ نا سبەی بە مووچەخۆران دەكەن و هەر جارەی وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە ڕادەگەیەنن، بەڵام تاوەكو ئێستا مووچەخۆران بەبێ‌ مووچن و مەترسی ئەوەیان هەیە، كە لەم كاتی هەڵبژاردنەدا دەسەڵاتداران هێندە بێ‌ باكن بۆ دابەشكردنی مووچە دەبێت دوای هەڵبژاردن پرسی مووچە چی بەسەربێت؟!

بارانی بەخوڕ و تەرزە هەرێم دەگرێتەوە و هۆشداری لافاو دەدرێت
پێت بارانی بەخوڕ و تەرزە هەرێم دەگرێتەوە و هۆشداری لافاو دەدرێت
بۆ قەدەغەی هاتووچۆ لە ڕۆژی هەڵبژاردن بڕیار درا
دوات بۆ قەدەغەی هاتووچۆ لە ڕۆژی هەڵبژاردن بڕیار درا
پەیوەنیدر