سەرۆکی یەکێتی لە ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد و وتی” کوردستان بەهەشتە ئەگەر بتوانین بە جوانی بیبەین بەرێوە”.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئەیلوول، لە دەستپێکی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە یاریگای سلێمانی سەرجەم بەربژێرانی یەکێتی ناساند و وتارێکی پێشکەشکرد.
بافڵ تاڵەبانی لە وتاریکدا ڕایگەیاند،چەند ساڵێکە یەکێتی چەندین کێشەی ناوخۆیی هەبووە، مام جەلال نەخۆشکەوت، هێرۆخان نەخۆشکەوت هەمووان لەناو یەکێتیدا شەڕی کوتلەکاریمان دەکرد، بەڵام ئێستا گۆڕانکاریمان کرد و هەرگیز یەکێتی هێندەی ئەمڕۆ یەکدەنگ و بەهێزنەبووە.
وتیشی، ئێستا نەیارەکانمان تووشی ڤایرۆسەکانی پێشووی ئێمەبوون و ناکۆکن، ئەوان یەکدی دەخۆن و ئێمە یەکین.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر یاسایەک بۆ هەڵبژاردن هەبوو نەمانتوانی هەرگیز کیبرکی بکەین، بۆیە لەکۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیارماندا ئەو یاسایە بگۆڕین، دوای چەندین سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ حزبەکانی هەرێم نەگەیشتینە ئەنجام، بۆیە ناچاربووین بچینە بەغدا و لە دادگا براوەبوین، ئەو یاسایەی کراسێکبوو بە بەری حزبێکدا، ئێمە ئەو کراسەمان دڕاند، ئێستا یاسایەکمان هەیە بۆ گۆرانکاری ڕاستەقینە لەم وڵاتە.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، کوردستان بەهەشتە ئەگەر بتوانین بە جوانی بیبەین بەرێوە، نەوت و ئاو و سەرجەم سامانەکانمان هەیە، هاونیشتیمانی ئازا و خوێندەوارمان هەیە، بەڵام بەڕێوەبردنی باشمان نییە.
بافل تاڵەبانی ڕووی دەمی کرد ئەو هاوونیشتیمانیانەی کە لەدەرەوەی حزبکەین و وتی”ئەوانەی لەدەرەوەی یەکێتین و دەنگیان نەداوە، دڵگرانن و نایانەوێت دەنگ بدەن، تەنها نیو کاتژمێر لەکاتی خۆتان بدەن و بچن دەنگ بدەن بەو حزبەی دەتوانێت مافەکانتان بەدەستبهێنێت، دەنگ بدەن بەو حزبەی کەدەڵێت” ئەوەی دەیكەم دەیكات “.