ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە دووری نازانێت لە ڕۆژانی داهاتوودا “پریشکی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگاتە عێراق و کاریگەری دروست بکات و ببێتە مایەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان”.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (دەنگی ئەمریکا) ڕایگەیاند،” هەتا ئێستا ئاراستەی کارەکانی کۆمسیۆن بەشێوەیەکی باش بەڕێوە دەڕوات، بەڵام بەهۆی ئەوەی کوردستان پەیوەندی بەعێراقەوە هەیە و عێراقیش پەیوەندی بەو کێشە گەورەوە هەیە، کە ماوەی 11 مانگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بۆیە ئەگەرێکی زۆر هەیە کەوا ئەو کێشەیە لەم چەند ڕۆژە بەفراوان ببێت و عێراق و سوریا و لوبنانیش بگڕێتەوە.”
وتیشی،” ئەو ئاڵۆزییە ئەوکاتەی عێراق دەگرێتەوە ئەوە بە دڵنیایەوە لە کەشێکی ناسالم و ناسازگاردا هەڵبژاردن ناکرێت و دوا دەکەوێت.”
گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە ڕۆژی هەینی 27 ی مانگی 9ی 2024 پەرەیسەند کاتێک ئیسرائیل هێرشێکی بەهێزی بۆ سەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵا ئەنجامدا، بە پێی وتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵا و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەو حزبە لە هێرشەکەدا کوژران، بە خوێندنەوەی چاودێران ئەگەر هەیە عێراقیش پەلکێشی نێوان شەڕ و ئاڵۆزییەکان بکرێت و هەرێمی کوردستانیش پریشکی بەر بکەوێت و بێتە هۆکاری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دەشتی سدیق، ڕاوێژکاری یاسایی لە تۆڕی شەمس، کە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات وتی، ” پیمان وایە لە 100% پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکات و ساتی خۆیدا دەکرێت، بەو پێیەی کۆمسیۆن هەموو ئامادەکاریەکی کردووە، هەروەها ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر بۆ تۆمارکردنی ناوی ڕێکخراوەکانی ناوەوە و دەرەوە کۆبوونەوەیەکی کرد، لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆی ئەوەکرا و ڕێکخراوەکان قسەیان لەسەر ئەوە هەبوو پڕۆسەکە لەکاتی خۆیدا ئەنجام دەدریت، کۆمسیۆن وتی: بەهیچ شێوەیەک پرۆسەکە قابیلی دواکەوتن نیە.”
وتیشی،” دواکەوتنی هەڵبژاردن تەنها لەکاتێکدایە، کە ڕووداوێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبدات و ببێتە هۆکاری ئەوەی کە پرۆسەکە دوابکەوێت و ئەنجام نەدرێت ئەوەش هەست دەکەم ڕوونەدات.”
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئامادەکاریەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی مانگی دەی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیان وایە” دۆخەکە مەترسیدارە” و پێویستە هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ پرسیە سیاسیەکاندا بکەن.
د.موئمین زەڵمی، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، “ئەوەی پەیوەستە بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، من پێم وایە زۆر زۆر گرنگە پێش هەموو شت پێویستە جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە جۆری سیاسەتکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا بکرێت و خەڵک و حزب و شرۆڤەکارانی سیاسیی بە شێوازیکی تر و بە فۆرمێکی دیکە بیر لە سیاسەتکردن لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بکەنەوە، چونکە هەر جۆرە هەڵەیەکی ستراتیژی هەر جۆرە جوڵەیەک بە هەڵە کاریگەری ڕاستەوخۆیی لەسەر پڕۆسەکاندا دەبێت لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا و بەتایبەتیش دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەڵبژارنی هەرێم نەکرێت.”
وتیشی، “مەترسیەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زۆرن پێویستە بەوریاییەوە حزبەکانی دەسەڵات لە دۆخەکە بڕوانن و نەچنە هیچ بەرەیەکەوە چ ئەمەریکا بێت یاخود ئێران، بەو پێیەی دۆخەکە هەستیارە و بەرەو بارودۆخی هەڵبژاردن هەنگاو دەنێین و مەترسی جدین بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.”
بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لایەنە سیاسیەکان و کاندیدانی سەربەخۆ هەوڵی بەدەستهێنانی 100 کورسی پەرلەمانی دەدەن و لەڕۆژی دەنگدان، كە 20ی ئۆكتۆبەری داهاتووە 2 ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.