داوا لە لایەنەکان دەکرێت لە زمانی زبر و ناوزڕاندن دووربکەونەوە



بزاڤی ئاشتی ناوخۆ داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و گشت قەوارە و لایەنە سیاسیەکان دەکات لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەدا دووربکەونەوە لە تووندوتیژی و گوتاری ڕق و کینەو ناوزڕاندن.

بزاڤی ئاشتی ناوخۆ پەیامێکی دەربارەی هەڵمەتی بانگەشەی لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدای داواکراوە کە دووربکەونەوە لە “زمانی زبرو پەلاماردان و ناوزڕاندنی یەکتری لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لە کاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن ئەندام و کادیرەکانیانەوە”.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە ئێستا بارودۆخی  ناوخۆ و عێراق و هەرێمیی دۆخێکی هەستیارە و نابێت ڕێگە بدرێت بەهۆی کێشەو ناتەبایی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر ئەزموونی سیاسی و پرۆسەی دیموکراسی هەرێمی کوردستان.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی بزافی ئاشتی ناوخۆ (بان) بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و گشت قەوارە و لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە بزافی ئاشتی ناوخۆ (بان) پەیامی خۆی هەیە بۆ چەسپاندن و وێناکردنی  ئاشتیخوازی و گیانی تەبایی و مرۆڤایەتی و ڕێزگرتن لە دیدو بیروڕای جیاوازی یەکتری دوور لە بەکارهێنانی زمانی زبرو تەشهیر و ناوزڕاندن و سووکایەتی پێکردن لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان لەسەر شەقامەکان و کۆڕو کۆبوونەوە و دیدارەکان بە شێوەیەکی ڕووبەڕوو لە نێوان پاڵێوراوانی حزب و لایەنە سیاسییەکان کە هەڵگری بیروڕا و دیدوبۆچوونی جیاوازن بە تایبەتی لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن کە گەرموگوڕییەکی زۆر بە خۆیەوە دەبینێ.

ئێمە لە بزافی ئاشتی ناوخۆ لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و مرۆڤایەتی و ئەخلاقی لە پێناو پاراستنی هاوسەنگی گشتی و بەرقەراربوونی ئاشتی و پێکەوەژیان و تەبایی نیشتیمانی بە گشتی پێداگری لەسەر پابەندبوونی هەموو لایەنە سیاسییەکان و دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان دەکەین بە ڕاگرتنی هاوسەنگی و ئارامی و سەقامگیری گشتی بۆ ئەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بکەینە نموونەیەکی جوان و ڕوویەکی گەشی دیموکراسی و حوکمڕانی باش لەم ناوچەیەدا دوور لە ئاڵۆزی و دڕدۆنگی و کردەیەکی نەخوازراو کە زیانی گەورە بە وڵات و ئەزموونی سیاسیمان و ئارامی کۆمەڵگاکەمان دەگەیەنێت.

بەڕێزان سەرکردایەتی و ناوەندەکانی بڕیاردان لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و میدیاکاران کە پشکێکی گەورەی بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر ئەستۆتان، بزافی ئاشتی ناوخۆ (بان) وێڕای پیرۆزبایی کردن لە سەرجەم حزب و لایەنەکان و قەوارەکان و پاڵێوراوە سەربەخۆکان بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و باش بەڕێوەچوونی بە شێوازێکی ئارام و مەدەنیانە و هیوامان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد لە کاتێکدا ئێمەش بەشێک لەم بەرپرسیارێتیە نیشتیمانیە بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین و پێکەوە پارێزگاری لێدەکەین و داواتان لێدەکەین :

1.هەڵبژاردن و دەنگدان بەپێی بنەما نێودەوڵەتیەکان مافێکی ڕەوای هاووڵاتیانە و پێویستە ڕێز لەو متمانە و دەنگدانەی خەڵک بگیرێت کاتێک کەسانی شایستە متمانەیان پێدەدرێت تاکو لە پەرلەمان نوێنەرایەتیان بکەن و داکۆکی لە ماف و خواست و داواکارییەکانیان بکەن.

2.هەڵبژاردن پرۆسەیەکی سیاسی و دیموکراسیانەی گرنگە و بەرکەوتەیەکی نیشتیمانیە و سەرکەوتنی پرۆسەکە دوور لە کێشەو ئاڵۆزی بۆ ڕای گشتی ناوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتی و بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستان گرنگە.

3.حزب و لایەنە سیاسییەکان و پاڵێوراوەکان دوور بکەونەوە لە تووندوتیژی و گوتاری ڕق و کینەو زمانی زبرو پەلاماردان و ناوزڕاندنی یەکتری لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لە کاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن ئەندام و کادیرەکانیانەوە.

4.لە ئێستادا بارودۆخی  ناوخۆ و عێراق و هەرێمیی دۆخێکی هەستیارە و نابێت ڕێگە بدرێت بەهۆی کێشەو ناتەبایی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر ئەزموونی سیاسی و پرۆسەی دیموکراسی هەرێمی کوردستان.

5.پابەندبوونی هەموو لایەک بە بڕیارو ڕێنمایەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و لیژنەی ئارامی پارێزگاکان تاکو ڕۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن و پرۆسەی هەڵبژاردن لە ڕۆژی 10/20 بەوپەڕی ئارامی و سەرکەوتووانە بەڕێوە بچێت دوور لە پێشێلکاری و هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.

6.لەبەرچاوگرتنی دواڕۆژی قەوارەی سیاسی هەرێم و ڕێگەنەدات بە سەرگرتنی پیلانی ناحەزان و دوژمنانی گەلی کورد کە هەمیشە لە بۆسەدان بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی ئەزموونەکەمان.

7.پابەندبوون بە پاراستنی ژینگە و جوانی سروشت و ژینگەی شارو شارۆچکەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا و بەکارنەهێنانی باخچەکان و پارکەکان بۆ ئەم مەبەستە.

لە کۆتاییدا بە ناوی سەرجەم ئەندامانی بزافی ئاشتی ناوخۆ (بان) ئومێدەوارین بانگەشەیەکی ئارام و ئاشتیانە و هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەبچێت و هەمیشە ئەزموونی حوکمڕانی و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بەهێز و سەقامگیر و سەرکەوتوو بێت.

لەگەڵ ڕێزدا…

بزافی ئاشتی سلێمانی (بان)

تەرمی نەسروڵا دۆزرایەوە و سەرکردەیەکی دیکەی باڵای حزبوڵا کوژرا
پێت تەرمی نەسروڵا دۆزرایەوە و سەرکردەیەکی دیکەی باڵای حزبوڵا کوژرا
دامەزراندن بە کرێی ڕۆژانە راگەیەندرا
دوات دامەزراندن بە کرێی ڕۆژانە راگەیەندرا
پەیوەنیدر