بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی رایگەیاند، لە سلێمانی دەسەڵات هەمووی لای سەرۆکی یەکێتییە، تەنانەت پارێزگاری سلێمانی بێ ئیزنی سەرۆکی یەکێتی ناتوانێت یەک پۆلیس بجوڵێنێت.
ئاری هەرسین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان ٢٤ رایگەیاند، حکومەت رێگری لێدەکرێت لەوەی لە سلێمانی پرۆژە بکات و خزمەتی خەڵک بکات، تەنانەت هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی توانای جوڵەپێکردنی یەک پۆلسیی نییە بێ وەرگرتنی مۆڵەت لە سلێمانی و بە تایبەت بافڵ جەلال تاڵەبانی ناتوانێت یەک ئیش بکات، بۆیە ئێمە دەمانەوێت شاری سلێمانی تەسلیمی ئیرادەی هاووڵاتییان بکەینەوە و ئەمنیەتەکەی بپارێزین و بازاڕ قۆرخ نەکەین،بۆ نموونە حکومەت و بەرپرسانی پارتی تەداخولی ئیشوکاری پارێزگاری هەولێر ناکەن، بەڵام لە سلێمانی بەیەک تەلەفون پرۆژەکان رادەگیرێن. هەموو گۆیژە لەت و پەت کرا پارێزگار نەیتوانی یەک قسەبکات.
لەبارەی دروشمەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دەڵێت کۆتایی پێدەهێنین وتیشی: ئەوان کۆتایی بەچی دەهێنن، ئەگەر کۆتایی بە قۆرخ کردن و و ئەمنیەت و نائارامی سلێمانی دەهێنن دەستخۆشییان لێدەکەین ئەوە کارێکی باشە، بەڵام ئەگەر مەبەستیان ئەوەبێت کە کۆتایی بە پارتی دەهێنن ئەوانە خۆش خەیاڵن، لە خەونیشدا ئەو خەوەیان نایەتەدی.
دەشڵێت:”ئەوان گەر دەڵێن ئێمە خۆسەپێنین خۆ کاک قوباد لە هەموو کابینەکانی دیکە لەگەڵمان بوو بۆ قبوڵی دەکرد، ئەو توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانی خۆشی نییە و لە بەرپرسیارێتی رادەکات و تەنانەت تۆراو لە هەولێرەوە گەڕایەوە سلێمانی و لەوێ ئیشەکانی دەکرد”.
ئاری هەرسین وتیشی:خەڵکی سلێمانی شایەنی ئەوەن حکومەت ئیدارەی شارەکەیان بکات، یەکێتی نەتوانێت خۆڵ و خاشاکی شارەکەی پاکبکاتەوە ئەتوانێت سەرۆکی حکومەت وەربگرێتەوە ئەوە چۆن دەبێت خەڵک لە سلێمانی بووەتە قوربانی دەستی یەکێتی نێشتمانی کوردستان لە حکومڕانیدا.
راشیگەیاند، ئێمە حزبی فەیسبووک و ئینستاگرام نین بە رێکخراوی و بە پێی پلان و بەرنامە کارەکانمان دەکەین، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان حزبی فەیسبووک و ئینستاگرامە و لەوێوە حکومرانی دەکات،کە ئەمە خراپە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە کێشەی خەڵک چارەسەر ناکرێت.