مۆلیده ئه‌هلیه‌كانی ناو شاری هه‌ڵه‌بجه ساڵانه نزیكه‌ی 8 ملیار دینار له‌هاوڵاتیان وه‌ردەگرن
زیاتر له 17 ملیۆن كیلۆگرام لە گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن دهردەن ناو هه‌واوه
سالم حەمهخان – هەڵەبجە
زیاتر له‌چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كه به‌هۆی كه‌می به‌رهه‌می كاره‌بای نیشتیمانی و زۆری خواستی هاوڵاتیان بۆبهكارهێنانی كاره‌با، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێی یه‌كه ئیداریهكانیهوه له‌شار و شارۆچكه‌كاندا به‌پێی گرێبه‌ست و چه‌ندین مه‌رج، رێگه‌ی به‌كه‌رتی تایبه‌ت داوه بۆدانانی مۆلیده‌ی ئه‌هلی بۆگهڕهكه جیاوازه‌كانی شار و گونده‌كانی كوردستان و ئێستا هه‌زاران مۆلیده بوونه‌ته ته‌واوكه‌ری كاره‌بای نیشتمانی و رۆڵێكی دیاریان هه‌یه له‌دابینكردنی كاره‌با بۆ هاوڵاتیان
“کڕێی مۆلیدە بارگرانیەکی دیکەی داراییە لەسەر هاوڵاتیان”
كرێی مانگانه‌و ساڵانه‌ی كاره‌بای مۆلیده بارگرانیه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هاوڵاتی دروستكردووه و هاوڵاتیان چه‌ند قاتی كرێی كاره‌بای نیشتیمانی ده‌ده‌نه كرێی مۆلیده، وه‌ك مه‌هدی ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت “له‌ساڵی 2023دا ته‌نیا 81 هه‌شتا و یه‌ك هه‌زار دینارم داوه‌ته كرێی كاره‌بای نیشتیمانی كه چوار یه‌كی پاره‌ی كاره‌بای مۆلیده‌یه و هه‌موو ئامێرێكی كاره‌بایی ناو ماڵه‌كه‌شم به‌كارهێناوه”.
مه‌هدی هاوڵاتیه‌كی خانه‌نشینی دانیشتووی هه‌ڵه‌بجه‌یه وموچه‌ی مانگانه‌ی (359000) سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ هه‌زار دیناره، له‌گه‌ڕه‌كی پاشا داده‌نیشێت له‌شاری هه‌ڵه‌بجه، بۆپڕكردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌كانی ماڵه‌كه‌ی له‌كاره‌با، سێ ئه‌مپێر كاره‌بای لهمۆلیدهی نزیك ته‌لاری خه‌ڵات راكێشاوه، ده‌ڵێت “له‌ساڵی رابردوودا (361500) سێ سه‌د و شه‌ست و یه‌ك هه‌زار و پێنج سه‌د دینارم داوه‌ته كرێی كاره‌بای مۆلیده، كه زیاتره له‌موچه‌ی مانگێكی خانهنشینیهكهم، ئه‌و موچه‌یه‌ی هه‌ركات حكومه‌ت تاقه‌تی هه‌بوو دابه‌شی ده‌كات”.
قه‌زای هه‌ڵه‌بجه (ناوه‌ندی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌یه) یه‌كێكه لهشارەكانی كوردستان، بە پێی ئامارە بەردەستەکان ژماره دانیشتوانی لەساڵی 2023 ته‌نیا( 81891) هه‌شتا و یه‌ك هه‌زار و هه‌شت سه‌د و نه‌وه‌د و یه‌ك كه‌س بووه و له‌سه‌ر رووبه‌ری( 25.6)كیلۆمه‌تر دووجا به‌سه‌ر گه‌ڕه‌كه جیاوازه‌كانی شاره‌كه‌دا دابه‌ش بوون، له‌م رووبه‌ره‌دا (45) مۆلیده لهگهڕهكه جیاوازه‌كاندا دانراون و وه‌ك ته‌واوكه‌ری كاره‌بای نیشتیمانی، بڕی( 67373)ئه‌مپێر كاره‌با ده‌ده‌نه( 15665 )پانزه هه‌زار و شه‌ش سه‌د و شه‌ست و پێنج هاوبه‌شی شاره‌كه، واته به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ر هاوبه‌شێكی شاره‌كه ( 4.3)ئه‌مپێر كاره‌بای پێده‌درێت، ئه‌م مۆلیدانه له‌ساڵی 2023دا( 115614) سه‌د و پانزه هه‌زار و شه‌ش سه‌د و چوارده کاتژمێر كاریان كردووه وبهتێكڕا هه‌ر مۆلیده‌یه‌ك( 2569.2 )کاتژمێر كاری كردووه، لهساڵهكهدابۆههر ئه‌مپێرێك كاره‌با بڕی (110000)سه‌د وده هه‌زار دینار له‌هه‌ر هاوبه‌شێك وه‌رگیراوه، به‌و پێیه له‌ساڵی 2023دا به‌نزیكه‌یی بڕی( 7961030000) حه‌وت ملیار و نۆسه‌د و شه‌ست و یه‌ك ملیۆن و سی هه‌زار دینار ته‌نها له‌هاوڵاتیانی ناو شاری هه‌ڵه‌بجه وه‌رگیراوه، واته هه‌ر هاوڵاتیه‌ك نزیكه‌ی( 97250 ) نه‌وه‌د و حه‌وت هه‌زار و دوو سه‌د و په‌نجا دینار كرێی كاره‌بای مۆلیده‌ی به‌رده‌كه‌وێت.
خه‌رجكردنی ئه‌م پاره زۆره‌ی هاوڵاتیانی هه‌ڵه‌بجه كه سه‌رچاوه‌ی داهاتی زۆرینه‌یان موچه‌ی مانگانه‌یه بهزیادهڕهویهكی گه‌وره له‌خه‌رجی به‌كاربه‌ر لێكده‌درێته‌وه، وه‌ك سه‌ركۆ یونس سه‌رۆكی لقی هه‌ڵه‌بجه‌ی سه‌ندیكای ئابوریناسی كوردستان ده‌ڵێت “بەداخەوە، هەموو ئەو پارانەی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ پێدانی کرێی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان دەیدەن، قەبارەیەکی گەورەیە، هه‌رچه‌نده خه‌رجیه‌كى شاراوه‌یه، به‌ڵام بارگرانییەکی بەردەوامی سەرشانی خێزانەکانە”
یونس زیاتر روونی دەکاتەوە پێیوایە ئه‌م بڕه گه‌وره‌یه له‌داهاتی هه‌ر تاك و خێزانێك ته‌نها بۆكارهبای مۆلیده بۆ شارێکی بچووکی وەك هەڵەبجە له‌ساڵێكدا ناسروشتیه و ناكرێت هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر نه‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر لێكدانه‌وه بۆشاره گه‌وره‌كان و ته‌واوی كوردستان بكه‌ین رێژه‌كه بۆملیارهها دینار به‌رز ده‌بێته‌وه، كه ده‌توانرێت پڕۆژه‌ی زۆر گه‌وره و كاریگه‌ری پێ دروست بكرێت و كوردستان به‌یه‌كجاری له مۆلیده رزگار بكرێت و بارگرانی سه‌ر شانی هاوڵاتیان بۆدابینكردنی كاره‌با وه‌كو پێداویستیه‌كی سه‌ره‌كی ژیان كه‌مبكرێته‌وه.
به‌گوێره‌ی خه‌مڵاندنی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی 2020دا (كه دوایین ئاماری بڵاوكراوه‌یه) ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان( 6171083) شه‌ش ملیۆن و سه‌د و حه‌فتا و یه‌ك هه‌زار و هه‌شتا و سێ كه‌سه، ئه‌گه‌ر به‌راورد به‌خه‌مڵاندنی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێم له2014 (5332600) پێنج ملیۆن و سێ سه‌د و سی و دوو هه‌زار و شه‌ش سه‌د كه‌س بووه بۆ 2020 كه (6171083) شه‌ش ملیۆن و سه‌د و حه‌فتا و یه‌ك هه‌زار و هه‌شتا و سێ كه‌س بووه خه‌مڵاندنێكی خێرا بۆ رێژه‌ی دانیشتوانی هه‌رێم بكه‌ین، كه زیادبوونی( 13.58% )بووه، ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2023دا بۆ نزیكه‌ی (6600000) شه‌ش ملیۆن و شه‌ش سه‌د هه‌زار كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه، به‌راورد به‌ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌ڵه‌بجه و بڕی ئه‌و پاره‌ی كاره‌بای مۆلیده‌یه‌ی له 2023دا خه‌رجیان كردووه، كه بۆ هه‌ر هاوڵاتیه‌ك( 97250) نه‌وه‌د و حه‌وت هه‌زار و دوو سه‌د و په‌نجا دیناره، ئه‌وا كۆی خه‌رجی هاوڵاتیانی دانیشتووی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵێكدا ته‌نها بۆ كاره‌بای مۆلیده( 641850000000) شه‌ش سه‌د و چل و یه‌ك ملیار و هه‌شت سه‌د و په‌نجا ملیۆن دیناره.
“پێشنیار دەکرێت هەڵەبجە کارەبا لە ئێران بکڕێت”
سه‌عید سەید قادر خه‌یات به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كاره‌باى هه‌ڵه‌بجه پێیوایە”وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هیچ پلانێكى بۆلابردنى مۆلیده ئه‌هلیه‌كان نییه، بۆیە با هاوڵاتى چاوه‌ڕێ ئەوە نه‌بێت حكومه‌ت مۆلیدەکان لابه‌رێت و بتوانێت كاره‌باى 24 کاتژمێرى دابین بكات، مه‌گه‌ر جێبه‌جێكردنى پلانى راده‌ستكردنى كاره‌با به‌كه‌رتى تایبه‌ت ببێته هۆكارى ئه‌وه‌ى كاره‌باى 24کاتژمێرى هه‌بێت و مۆلیده‌ى ئه‌هلى نه‌مێنێت”.
بەڵام لەهەمانکاتدا پێیوایە “باشترین چارەسەر بۆدابینكردنى كاره‌باى به‌رده‌وام لە پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه، كڕین و راكێشانى كاره‌بایه لهكۆمارى ئیسلامیى ئێرانه‌وه”. ئاشکراشیکرد کە بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داوایان كردووه و “له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارى ئێرانیش قسه کراوه و ئێران ئامادەیە بڕى 250 مێگاوات كاره‌بامان پێبفرۆشن كه ئه‌وه‌ش دوو هێنده‌ى بڕى كارەباى پێویستى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌یه”. روونیشیکردەوە کە”زۆرترین بڕى كاره‌با كه له‌گه‌رمترین و ساردترین رۆژه‌كانى ساڵدا له‌م سنوره‌دا سه‌رف بكرێت بڕى 110 بۆ 120 مێگاواته”. باسی لەوەش کرد کە “دەتوانرێت کارەبای ئێران لەرێگاى داریان له‌دیوى ئێران وسازان له‌دیوى كوردستانه‌وه بۆ هەڵەبجە رابکیشرێت کە نزیكترین رێگایە، دواتر دەتوانرێت تێكه‌ڵ به‌تۆڕى كاره‌باى نیشتیمانى بكرێت وبدرێته به‌شێكى تر له‌شار و شارۆچكه‌كانى تر‌ى ده‌وروبه‌ر”.
سه‌باره‌ت بهرێگرى له‌هێنانى كارەبا له‌ئێرانه‌وه بەڕێوبەری ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات “بودجه هۆكار و ڕێگرێكى ئه‌وتۆ نیه له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كه‌دا به‌و پێیه‌ى له‌هه‌ردوولا كۆمپانیاى تایبه‌تمه‌ند هه‌یه كه قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردوون و ئاماده‌ییان تێدایه كاره‌كه ئه‌نجام بده‌ن و پاشتر پاره‌كانیان بۆبگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام هۆكارى سیاسى و رهزامهندنهبوونى حكومه‌تى عێراقى رێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، کە پەیوەندی بە بابه‌تى گه‌مارۆى ئابوورى سه‌ر ئێران و چه‌ندین هاوكێشه‌ى دیكه‌ى ئیقلیمییەوە هەیە”.
دەشڵێت”پێشتر له‌وڵاتى ئێرانه‌وه كاره‌با بۆ قه‌زاى پێنجوێن راكێشراوە و 24 کاتژمێر بەسەر هاوڵاتیانا دابەش دەکار، به‌ڵام به‌و هۆكارە سیاسییانەی ئاماژەیان پێدرا له‌ساڵى 2017 وه دابینكردنى كاره‌با له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه بۆ ئەو قەزایە راگیراوه”.
توێژینەوەیەك: مۆلیدەکان سەرچاوەیەکی سەرەکی پیسبوونی ژینگەن
مۆلیده ئه‌هلیه‌كان جگه له‌وه‌ی كهبارگرانیهكی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر شانی هاوڵاتیانی كوردستان و ئابوورییه‌كه‌یان دروست كردووه، هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌ترسیداری پیسبوونی ژینگه‌شن كه كاریگه‌ری گه‌وره له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ دروست ده‌كات و به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه زانستیه‌كان هۆكاری چه‌ندین نه‌خۆشی و تائاستی مردنی پێشوه‌خته‌ن، كه مه‌ترسیدارترینیان گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆنە (CO2) ، لەمبارەیەوە لە توێژینه‌وه‌یه‌كدا به‌ناونيشانى (كاريگه‌رى مۆليده ناحكوميه‌كان له‌سه‌ر پيسبوونى ژينگه‌ى شارى هه‌ڵه‌بجه – پيسبوونى هه‌وا – به‌نمونه) كه له‌لايه‌ن توێژه‌ر كه‌ژان نورى حسين وه‌ك به‌شێك له لهپێداويستيهكانى به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ى به‌كالۆريۆس به‌سه‌رپه‌رشتى مامۆستا ئوسامه ئه‌شره‌ف پێشكه‌شی به‌شى زانسته كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كانى زانكۆی هه‌ڵه‌بجه كراوه، به‌پێی رووپێویهكی مه‌یدانی (45) مۆلیده ئههلیهكهی هه‌ڵه‌بجه له‌ساڵی 2023دا بڕی زیاتر له(17568155) حه‌ڤده ملیۆن و پێنج سه‌د و شه‌ست و هه‌شت هه‌زار و سه‌د و په‌نجا و پێنج كیلۆگرام گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن (CO2)یان دهرداوهته ژینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه، كه تێكڕا بۆهه‌ر مۆلیده‌یه‌ك زیاتر له (390403) سێ سه‌د و نه‌وه‌د هه‌زار و چوار سه‌د و سێ كیلۆگرام بووه، ئه‌و رێژه‌یه‌ش ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌ڵه‌بجه‌دا دابه‌ش بكرێت هه‌ر هاوڵاتیه‌ك له‌ساڵی 2023دا بڕی ( 215) كیلۆگرام گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن (CO2) به‌نزیكه‌یی به‌رده‌كه‌وێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕه بهرههمهاتووهی گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن (CO2) بگشتێنین بۆ كوردستان ئه‌وا به‌نزیكه‌یی( 1420000000) یه‌ك ملیار و چوار سه‌د و بیست ملیۆن كیلۆگرام گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن (CO2) دهردراوهته ناو هه‌وای كوردستانه‌وه، كه رێژه‌یه‌كی زۆر به‌رزه له‌ده‌ردانی ئه‌م گازه ته‌نها له مۆلیده ئه‌هلیه‌كانی كوردستانه‌وه بۆناو به‌رگه هه‌وای زه‌وی كه له‌ئاستی جیهانیدا به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با ساڵانه نزیكه‌ی ( 10 ملیار )تۆن گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن (CO2)ە ، به‌تایبه‌ت لە دوای شۆڕشی پیشه‌سازییه‌وه كه چڕی گازه‌كه له‌به‌رگه‌هه‌وادا به‌نزیكه‌یی( 40% )به‌رزبووه‌ته‌وه.
لەلایەکی دیکەوە ده‌ردانی گازى دووه‌م ئۆكسیدى كاربۆن بۆناو سروشتى هه‌ڵه‌بجه له‌لایه‌ن مۆلیده ئه‌هلیه‌كانه‌وه كاریگه‌ربوونى خێرا و راسته‌وخۆیه له‌سه‌ر به‌ركه‌وتوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه كه به‌هۆى كیمیابارانى شاره‌كه له16ى ئازارى 1988دا ژماره‌یه‌كى به‌رچاوى خه‌ڵكى شاره‌كه كێشه‌ى ته‌نگه‌نه‌فه‌سى و پێست و بینینیان هه‌یه، ئه‌وه‌ش واى كردووه زۆربه‌ى به‌ركه‌وتوانى كیمیاران كه خۆیان لهدۆخێكى ته‌ندروستى باش‌دا نین رۆژ به‌رۆژ خراپتر ببن.
بەرکەوتووانی کیمیاباران جارێکی تر دەبنەوە بە قوربانی ژەهراویبوونی ژینگە
حەکیم حەمە سالح بهركهوتووێکی كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه و خانووه‌كه‌ى له مۆلیده‌ى ئه‌هلى گه‌ڕه‌كه‌كه‌یانه‌وه نزيكه، كێشه‌ى ته‌نگه‌نه‌فه‌سى هه‌یه و باسی دۆخی خۆی دەکات و دەڵێت “ئه‌گه‌ر كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه ( 25%)ى سیهكانمى له‌كار خستبێت ئه‌وا دوكه‌ڵى مۆلیده‌ش (25%)ى تر‌ى كۆئه‌ندامى ههناسهمى ته‌له‌ف كردووه، تا ساڵی 2000یش باش بووم هه‌موو كارێكم ده‌كرد، به‌ڵام دواى ئه‌وه رۆژ به‌ڕۆژ خراپتر ده‌بم” .
هەروەها وتی “چه‌ندین جار هه‌وڵم داوه خانووه‌كه‌م بفرۆشم و دووربكه‌ومه‌وه به‌ڵام پاره‌ى پێویست ناكات و منیش توانام نیه كۆڵێ پاره‌ى تر بخه‌مه سه‌رى و له‌شوێنێكى تر خانووى پێبكڕم، خۆ خاوه‌ن مۆلیده‌كه‌ش پیاوێكى به‌ڕێزه و بێبه‌رامبه‌ر كاره‌باى داوه‌ته ماڵمان، به‌ڵام مانگانه زیاتر له( 250)هه‌زار دینار ده‌ده‌مه عیلاج و رۆژ به‌ڕۆژیش خراپتر ده‌بم”.
(ن.ع.) يه‌كێكى تره لهبهركهوتوانى كيمياباران، خۆى و ته‌واوى ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى تائێستاش بە هۆیكاريگهرى چه‌كى كيمياوییەوە چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، سەبارەت بەم بابەتە پێی راگەیاندین کە “له‌م چه‌ند ساڵه‌ى پێشوو به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆدۆخى ته‌ندروستى ئێمه و دوا مۆڵه‌تى شاره‌وانى و بەڕێوهبهرايهتى كاره‌با كه‌سێك ويستى لهباخچهكهى نزيك ماڵى خۆمان مۆليدهيهكى ناحكومى دابنێت، به‌ڵام رێگريمان لێ‌كرد و نه‌مانهێشت به‌هيچ شێوه‌يه‌ك ئه‌و مۆليدهيه دابنرێت،”.
هۆکارەکەیشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ئەوان “لەبەرئەوەی بە خراپی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری گازە کیمیاوییەکان و بهبۆنێكى ئاسايى و تۆز و خۆڵ هه‌ناسه‌یان توند ده‌بێت”. هەروەها وتی ” دايكم کە بەرکەوتەی کیمیاویی بوو چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌كاريگه‌رى ئه‌و چه‌كه وه‌فاتى كرد، بۆيه رێگه‌مان نه‌دا دووباره ببينهوه به‌قوربانى پيسبوونى ژينگه”.
به‌گوێره‌ى ئامارى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كيميابارانى هه‌ڵه‌بجه – رێكخراوى داكۆكيكار لهدۆسيهى كيميابارانى هه‌ڵه‌بجه کە وێنەیەکی لەبەردەستی ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونەدایە “تائێستا نزيكه‌ى( 1000 )به‌ركه‌وته‌ى چه‌كى كيمياوى له‌شاره‌كه‌دا تۆمار كراون و دۆخى ته‌ندروستى زۆربه‌يان باش نيه و به‌رده‌وام چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن”.
پزیشك و پسپۆڕانی تەندروستی دووکەڵی مۆلیدە بەهۆکارێکی راستەوخۆی نەخۆشی دادەنێن
ده‌رباره‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ده‌ردانی گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن (CO2) بۆناو سروشتی هه‌ڵه‌بجه، پسپۆڕانی ته‌ندروستی ئاماژه به‌گه‌لێك مه‌ترسی جۆراوجۆر ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ته‌ندروستی دانیشتوانی شاره‌كه، لەوباریەوە دكتۆر جیهاد ئیبراهیم پزیشكی پسپۆڕی هه‌ناو دەڵیت” له‌رووى زانستیه‌وه ده‌بێت دڵنیاببینه‌وه لهپێكهاتهكانى ناو ئه‌و دوكه‌ڵه‌ى له مۆلیده‌كانه‌وه ده‌رده‌چێت و مادده كیمیاویهكانى ناو دوكه‌ڵه‌كه دیارى بكرێن ئینجا بڕیار لەسەر زیانەکانی بدەین ئاخۆ مادده‌یه‌كی شێرپه‌نجه‌ییه یان نا، بەوپێیەی ده‌بێته هۆى هه‌وكردن و ژه‌هراوى بوون”. هێماش بۆ ئەوە دەکات کە “به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ته‌پوتۆز و دوكه‌ڵ و دوكه‌ڵى مۆلیده كاریگه‌رى راسته‌وخۆ و لێكه‌وته‌ى خراپیان له‌سه‌ر ئه‌و کەسانە هەیە کە نه‌خۆشی ره‌بۆ و هه‌ستیارى سنگ و هه‌وكردنى درێژخایهنىان هه‌یه”.
له‌لایه‌كى تره‌وه دكتۆر دلێر كه‌ریم پسپۆڕى نه‌خۆشیه‌كانى چاو روونیکردەوە کە “كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشى هه‌ن به‌هۆى گاز و دوكه‌ڵ و ته‌پوتۆزى نێو هه‌وا دووچارى چاو ده‌بن، وه‌ك وشكبوونه‌وه‌ى چاو كه ژماره‌یه‌كى زۆرى خه‌ڵك گیرۆده‌ى بوون، ئەم نەخۆشییە ورده ورده و به‌تێپه‌ڕینى كات ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى چاوه‌كان به‌باشى كارى خۆیان نه‌كه‌ن و ته‌ڕى تیایاندا زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه”. باسی لەوەشکرد کە “گاز و دوكه‌ڵى ناو هه‌وا ده‌بێته هۆى دروستبوونى هه‌وكردنى چاو و برژانگه‌كان، هه‌ستیارى چاو، رووشاندنى رهشێنهى چاو و چه‌ندین نه‌خۆشى تر”.
هاوکات دكتۆر مه‌هدی خه‌لیل فه‌تاح پسپۆڕى نه‌خۆشیه‌كانى پێست دەربارەی مه‌ترسیه‌كانى گاز و دوكه‌ڵى مۆلیده‌كان پێیوایه له‌چه‌ند رێگایه‌كه‌وه كاریگه‌رى له‌سه‌ر ته‌ندروستى پێست هەیە و ده‌بێته‌هۆى “تێكدانى باڵانسى دژه‌ئۆكسیدى پێست وه‌كو ڤیتامین سى و ئى و تێكچوونى باڵانس و كه‌مبوونه‌وه‌ى چالاكیان له‌پێستدا، كه سه‌رچاوه‌ى بڕێكى زۆر نه‌خۆشیه و به‌مه‌ش ئه‌و خانانه‌ى لهپێستدان تووشى زیادبوونى سترێس ده‌بن، كه ده‌بنه‌هۆى زوودهركهوتنى نیشانه‌كانى پیرى و دروستبوونى هه‌وكردن له‌پێستدا، هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆى زیانگه‌یاندن به‌چه‌ورى ژێر پێست و تێكچوونى باڵانسى شێ له پێستدا ئه‌مانه‌ش ده‌بنه هۆى زیان گه‌یاندن به‌ئه‌ركى سه‌ره‌كى پێست وبه‌وه‌ش میكرۆبه‌كان ئاسانتر ده‌چنه ناو پێست و جگەلەوەی له‌شى مرۆڤ و دووچارى زیان و هه‌وكردن و شلبوونه‌وه‌ى پێست و هه‌ستیارى دەکات”.
هەر لەوباریەوە دكتۆر محه‌ممه‌د سوبحان پزیشكى پسپۆڕى نه‌خۆشیه‌كانى قوڕگ و لوت و گوێ ده‌رباره‌ى دووكه‌ڵى مۆلیده‌كان دەڵیت کە “ده‌بێته هۆى دروستبوونى هه‌ستیارى لوت و قوڕگ به‌هۆى دروستبوونى گازى یه‌كه‌م ئۆكسیدى كاربۆن، ئەمەش وروژێنه‌رى حه‌ساسیه‌ته و ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى هه‌ستیارى له‌ڕێڕه‌وى هه‌ناسه‌دان زیاتر و چالاكتر بێت، به‌تایبه‌ت له‌و كه‌سانه‌ى تاڕاده‌یه‌ك حه‌ساسیه‌تى قوڕگیان هه‌یه كاریگه‌رى ئه‌م گازه بۆ ئه‌وان مه‌ترسیداره”.
وزەی خۆر وەك ئالتەرناتیڤێکی گرنگی کارەبا
له‌گه‌ڵ زیادبوونی خواستی هاوڵاتیان بۆكارهبا و زیادبوونی بارگرانیهكانی مۆلیده له‌سه‌ریان، قسه له‌سه‌ر جێگره‌وه‌ی كاره‌بای مۆلیده ده‌كرێت و هه‌وڵی وه‌به‌رهێنه‌ران و كۆمپانیا جیاوازه‌كان بۆ جێگرەوەی كاره‌بای مۆلیده به‌تایبه‌ت وزه‌ی خۆر و با له‌ئارادایه، لێره و له‌وێش چه‌ندین هاوڵاتی و خاوه‌ن كار بۆرزگاربوون له‌كاره‌بای مۆلیده له‌لایه‌ك و بێكاره‌بایی نیشتیمانی له‌لایه‌كی تر، په‌نایان بردووه‌ته به‌ر دانانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با لهوزهی خۆره‌وه…
گوندى شیره‌مه‌ڕ یه‌كێكه له‌گونده گه‌وره‌كانى سه‌ربه‌ناحیه‌ى خورماڵ له‌هه‌ڵه‌بجه ونزیكه‌ى (90) ماڵى تێدا ده‌ژى، ئه‌وان له‌برى سوودوه‌رگرتن لهكارهباى مۆلیده سوودیان له‌به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌وزه‌ى خۆر وه‌رگرتووه به‌به‌كارهێنانى سیسته‌مى سۆلار په‌ناڵ، به‌مه‌ش به‌یه‌كجار پاره‌دان توانیویانه كاره‌باى به‌رده‌وام بۆخۆیان دابین بكه‌ن و له‌مۆلیده و دوكه‌ڵه‌كه‌ى و كرێ زۆره‌كه‌ى دوور بکەونەوە، وه‌ك مامۆستا سه‌رچڵ یونس، كه یه‌كێكه له‌دانیشتوانى گونده‌كه باسی دەکات “سیسته‌مه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى بووهتههۆى ئه‌وه‌ى كاره‌باى 24 کاتژمێريمان هه‌بێت دۆستى ژینگه‌شه وجوانى سروشت و ژینگه‌ى گوندهكهمانیش ناشێوێنێت”.
جەختیشیکردەوە کە ئێستا دانیشتوانی گوندەکە” لهژاوهژا و دووكه‌ڵى مۆلیده‌ى ماڵه‌وه رزگاریان بووە و مۆلیده‌ى گه‌ورەیان نییە و كاره‌باى نیشتیمانیش له‌رۆژدا ته‌نها چه‌ند كاتژمێرێك ده‌درێت به‌گونده‌كان”.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆكى سه‌ندیكاى ئابووریناسى هه‌ڵه‌بجه سەرکۆ یونس لەگەڵ ئەوەدایە لایەنی پەیوەندیدار و وەزارەتی کارەبا بیر لەوە بکاتەوە لە سەرچاوەی وزەی خۆرەوە کارەبا دابین بکات، چونکە هەم بۆ پاراستنی ژینگە باشە و هەمیش دەبێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ حکومەت، جگە لەوەی گلەیی و گازاندەی دەیان ساڵەی خەڵکیش کەم دەکاتەوە.
بەهەمان شێوە به‌ڕێوه‌به‌رى كاره‌باى هه‌ڵه‌بجه سه‌عید سید قادر خه‌یات پشتیوانى دانانى سیسته‌مى سۆلار په‌ناڵ ده‌كات بۆ پڕۆژه كه‌سیه‌كان و به‌ڕێگایه‌كى درووستی ده‌زانێت بۆدابینكردنى كاره‌با بۆهاوڵاتیان وه‌ك ته‌واوكه‌رى كاره‌باى نیشتیمانى له‌برى كاره‌باى مۆلیده، وایدەبینێت “سۆلار په‌ناڵ نه‌ك هاوڵاتى لهكارهباى مۆلیده رزگار دەکات، به‌ڵكو ده‌توانێت وا له‌هاوڵاتى بكات كهلهڕێگاى ئامێرى تایبه‌ته‌وه كاره‌بای زیاده بگێڕێته‌وه بۆحكومهت و كرێى كاره‌با نیشتیمانیه‌كه به‌زیاده‌وه په‌یدا بكاته‌وه”. به‌ڵام رەتیدەکاتەوە بتوانرێت به‌یه‌كجارى پشتى پێببه‌سترێت به‌تایبه‌تى بۆپڕۆژه گه‌وره‌كان كه كاره‌بایه‌كى یه‌كجار زۆریان پێویسته.
“پشتبەستن بە مۆلیدە لەدەرەنجامی شکستی حکومەتەوەیە”
“مۆلیدەکان کێشەو گرفتی خۆیان هەیە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لە گەڕەك و سەر سووچ و ناو باخچەکان یان لەسەر زەوییەکی چۆلدا دانراون و وایەرەکان بڵاوەیان پێکراون و ئەو فەوزایەی لێدەرچووە کە دەبینرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە حکومەت لەمبارەیەوە شکستی هێناو ە پلانێکی گونجاوی نییە”. حه‌یده‌ر محه‌مه‌د وا دەڵێت کە خاوه‌نى دوو مۆلیده‌یه له شارى هه‌ڵه‌بجه‌دا.
جەختیشکردەوە “خاوه‌ن مۆلیده‌كان پێیان خۆشە حكومه‌ت له‌هه‌ر گه‌ڕه‌كێكدا زه‌ویه‌كی 300 مه‌ترى بدایه بهمۆلیدهكان و مه‌رجى دروستكردنى باخچه و سه‌وزایى و دار و دره‌خت و شوێنى دانانى مۆلیده‌ى یه‌ده‌گ و هه‌موو رێكارێكى پارێزگارى له ژینگه‌ى به‌سه‌ردا بسهپێنرایە، ئه‌و كات نه دهبوونە هۆكارى پیسبوونى ژینگه و نه كه‌س گله‌یى لێده‌كردن”.
گلەییش لەوە دەکات كێشه‌یان هه‌یه و حكومه‌تیش پاڵپشتیان ناكات و له‌چله‌ى هاویندا رۆژى وا هه‌یه 12 کاتژمێر به‌به‌رده‌وامى مۆلیده‌كانیان كاریان كردووه، 30 خوله‌كیش مۆلیده بكوژێته‌وه بۆپێدانى ئیسراحه‌ت تا سارد ده‌بێته‌وه، خەڵك گلەیی دەکەن و داوای کارەبا دەکەن.
ئه‌و خاوه‌ن مۆلیده‌یه ده‌ڵێت “هەندێك لەو خەڵکەی کارەبامان بۆ دابینکردوون وەك پێویست کرێی کارەبا نادەن وهەیانە سێ تا چوار مانگ پارە نادات دوای هاتنی مووچە بەڕێزەوە داوای پارەیان لێدەکەین پێیان ناخۆشە، هەشیانە دەستکاری جۆزەکان دەکەن و کارەبا چەتاڵ دەکەن و تا (250)جۆزەی دەستکاریکراومان هەیە، زۆرجار کرێچییەکان خانوەکانیان جێدەهێڵن و پارەی کارەباکەمان نادەن و لەو رووەشەوە زیانێکی زۆرمان پێگەیشتووە و پارەیەکی زۆرمان خوراوە”.
گلەیش لەوە دەکات کە حکومەت هیچ پلانێکی نییە گازیان بۆ دابین ناکات کەسەرچاوەکەی پاك بێت، بۆیە لەبازاڕی رەشدا دەیکڕن کە کواڵێتییەکی خراپ و کاریگەری خراپی بۆسەر ژینگە هەیە. ئەگەر حکومەتیش ناچآریان بکات فیلتەر بۆ مۆلیدەکان دابنێین پێویستە فیلتەرکانیان بۆ دابین بکات. لەکۆتایشدا ئاماژەی بۆ ئەوەدا کە بە هۆی نەبوونی مۆلیدەی کوالێتی بەرزەوە ناتوانرێت کارەبایەکی باش بە نرخێکی کەم دابینبکرێت بۆ ئەوەی ژینگەکە بە پاکی رابگیرێت.
*ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی “رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون”، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر.