وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای دەكات، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەست دەكرێت بە دابەشكردنی سەبەتەیەكی خۆراكی نوێ بەسەر هاووڵاتیاندا و سەبەتەی خۆراكی توێژی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی.
لما هاشم موسەوی، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی خۆراك لە وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاندووە، لەم چەند ڕۆژەدا، كە ناگاتە هەفتەیەك دەست دەكرێت بە دابەشكردنی سەبەتەی حەوتەمی بەشەخۆراك و لەگەڵ ئەوەشدا دەست دەكرێت بە سەبەتەی نۆیەمی بەشەخۆراك بۆ ئەوانەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، كە زیاتر لە 7 ملیۆن و 200 هەزار كەسن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەشەخۆراكی ئەوانەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە ماددە سەرەكییەكانی خۆراكی تێدایە وەك (یەك كیلۆ شەكر و یەك كیلۆ ئارد و روبعە كیلۆیەك لە شیری گەورەساڵان و ڕوبعە كیلۆیەك چا).
جەختیشی كردۆتەوە، بۆ چینی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی دوو سەبەتەی خۆراكی دابەش دەكرێت، كە سەبەتەیەكی وەك هەموو هاووڵاتیانە و سەبەتەیەكی تایبەتە بەو توێژە و ماددەی زیادەی تێدایە تاوەكو پێویستیان بە بازاڕ نەبێت بۆ كڕینی ئەو خۆراكانە.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق، ماددەكانی (ماش و نۆك و لەتكە نۆك و نیسك) لەگەڵ بەشەخۆراك دابەش دەكرێت.