سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت”هەندێک لە پۆستەرەکان دەبنە هۆی ڕووداو و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیان”.
لە بڵاوکراوەیەکدا سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئاماژە بەودەکات، سەرجەم قەوارە سیاسی و كاندیدەکان ئاگادار دەکرێنەوە، كە شۆستەو شەقام موڵكی گشتییەو بەپێی یاسا كارپێكراوەكان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، هەروەها بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی شارەوانیی و گەشتونوزار بە نوسراوی ژمارە (٩٤٩) لە٢٠٢٤/٩/١٩ و ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان- لقی سلێمانی، وە جەختكردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی لەسەر پابەندبوونی سەرجەم لایەنە سیاسی و كاندیدەكانیان بە ڕێنمایی تایبەت لەسەر بانگەشەی هەڵبژارن بۆ هەڵواسینی وێنەو پۆستەری كاندیدەكانیان.
جەختیشدەکاتەوە، ئەم ڕێنماییانە ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە شارەوانی، پارێزگای سلێمانی، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان- لقی سلێمانی كراوە، بەمەبەستی پاراستنی سیمای جوانی شارەكان و پاكوخاوێن ڕاگرتنیان، وە پێویستە سەرجەم قەوارە سیاسی و كاندیدەكانیان پابەندبن بەم ڕێنماییانەوە.
شارەوانی سلێمانی ڕوونیشیدەکاتەوە، گەر پێچەوانەی ڕێنماییەکان پۆستەر و بانگەشەکان دانران”تاوانە” دەكرێن، وە بە دووبارەكرنەوەی دەكرێتە ” شكاتی سزایی” لە دادگادا. لەبەرئەوەی زۆرێك لە پۆستەرو وێنەكان دەبنە هۆی ڕووداوی نەخوازراوو مەترسیی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان و زەرەرو زیان گەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتیی.