لەبیرتان نەچێ … هەڵبژاردن هەم (سیاسەتە) هەم (دیانەتە)



پ. د. سەعید علی محمد

ڕۆژی 20/10/2024 ڕۆژێكی گرنگ و تایبەتە لە مێژووی گەلی كوردستان، ئەم ڕۆژە ڕۆژێكە هەمووان بە هەموو ڕاوبۆچوون و ئاڕاستە و ڕەنگە جیاوازو چین و توێژەكانەوە هیواو ئاواتێكی گەورەیان لەسەر هەڵچنیوە و چاوەڕێی ئەوە دەكەن ئەم پڕۆسەیە نەفەسێكی نوێ و خوێنێكی تازە و بەرگێكی جوان بەبەر دەسەڵاتی سیاسیی لە كوردستاندا بكاتەوە! هەمووان چاوەڕێی ئەوە دەكەن ئەو ڕۆژە ببێتە سەرەتایەك بۆ  دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لەژیانی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگای كوردستانی كە لەسایەیدا هەمووان هەست بە ئارامیی و كامەرانیی و شكۆ و ژیانێكی سەربەرزانە و دادپەروەرانە بكەن ، هەروەها ئەو پڕۆسەیە ببێتە كۆتا وێستگەی ناخۆشیەكان و نەهامەتییەكان و تاڵاوییەكان و چارەسەركردنی سەرجەم كێشە و گرفت و  قەیرانە جۆراوجۆرەكان!

هەڵبژاردن ڕێگاو ئامڕازێكی نوێی هاوچەرخە بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتە جیاجیاكان ، چ دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی بێت یان دەسەڵاتی پەرلەمانیی یان هەر جۆرە فەرمانڕەوایەتیی و دەسەڵاتێكی تر كە بەم پڕۆسەیە یەكلابكرێتەوە.

دەنگدان و هەڵبژاردن بەس تەنها پڕۆسەیەكی سیاسیی نیە بۆ چاككردنی باری ژیان، بەڵكو ئەم پڕۆسەیە هەروەك چۆن ڕەهەندێكی سیاسیی هەیە ڕەهەندێكی ئایینی و ڕۆحیشی هەیە، واتە: هەڵبژاردن هەم سیاسەتە هەم دیانەتە… چۆن؟!

دەڵێین : هەڵبژاردن (دیانەتە) واتە : مرۆڤ مومارەسەی ئەم پڕۆسەیە دەكات بۆ چاككردنی دنیا و بۆ چاككردنی ئاخیرەتیش ، هەڵبژاردن (سیاسەتە) واتە: گرنگ سەركەوتنی مرۆڤە لە دنیادا ئەگەرچی ئاخیرەتیشی لەدەست بدات!

هەڵبژاردن (دیانەتە) چونكە دەنگدەر دەڕوات بۆ سندوقەكانی دەنگدان بە مەبەستی ئەداكردن و بەجێگەیاندنی ئەركێكی شەرعیی و ئایینی سەرشانی خۆی و ئەگەر پشت گوێی بخات گوناهبار دەبێ.

قورئان دەفەرموێ: ( ئەوانەی شایەتی دەدەن كاتێك داواكران بۆ شایەتیدان دەبێ بڕۆن و ڕێگریی نەكەن )، یان دەفەرموێ : (هەركەسێك شایەتیدان ئاشكرا نەكات و بیشارێتەوە و  خۆی بدزێتەوە گوناهبار دەبێ ).

زانایانی شەریعەت و پسپۆڕانی سیاسەتیش هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی (هەڵبژاردن) شایەتیدانە ، بۆیە مرۆڤی باوەڕدار قەت جیاوازی ناكات لەنێوان ئەو ئایەتەی كە دەفەرموێ : (واقیموا الصلاة : نوێژ بەجێ بگەیەنن ) ، لەگەڵ ئەو ئایەتەی كە دەفەرموێ : (واقیموا الشهادة لله : شایەتی بدەن بۆ خوا )، چونكە ڕێگەپێدراو نییە دەقە قورئانیی و ئاینییەكان جیاكارییان تێدابكرێ و، هەندێكیان جێبەجێ و پیادە بكرێن، هەندێكی تریشیان بخرێنە ئەو لاوە و كاریان پێ نەكرێت!

دەڵێین: هەڵبژاردن (سیاسەتە) چونكە لە هەموو دەستوورەكانی وڵاتانی جیهاندا دەنگدان وەك (ماف) تەماشا كراوە  نەك وەك (ئەرك)، ڕاستە هەندێك لە وڵاتان سزایەكی كەم و ڕەمزیی بەسەر ئەوانەدا دەسەپێنن كە بەشداری دەنگدان ناكەن ، ئەمەش تەنها لەپێناو هاندانی خەڵك بۆ بەشداری كردن لە پڕۆسەكەدا ، بەڵام خۆ ئەگەر بایكۆتی دەنگدانیش بكات ناخ و ویژدانی ئازاری نادات و بێتاقەت نابێ!

هەڵبژاردن (دیانەتە) چونكە پاڵ بە تاكەكانەوە دەنێ شیاوترین و شایستەترین و دڵسۆزترین كەس هەڵبژێرن و دەستنیشان بكەن ، بێ گوێدانە هیچ پێوەرو پێودانگێكی تری حیزبیی یان عەشایەریی یان تیرەیی یان خزمایەتیی و نزیكایەتیی ، یان حەزو ئارەزووی كەسیی و تایبەتی ، هەروەها دوور لە كاریگەریی پێشوەختەی هەڵمەتە میدیاییەكان! ئەو كەسە دڵی پاك و یەكلا دەكاتەوە و پەروەردگار دەكات بە شایەت بەسەر خۆیەوە كە ئەو پاڵێوراوەی شایستە و دەست پاك و ڕاستگۆ و ئەمین و دڵسۆز نەبێ هەڵی نەبژێرێ بۆ وڵات و نیشتمان و خزمەتی گەلەكەی ، چونكە ئاینی ئیسلام داوا دەكات لە پڕۆسەی دەستنیشانكردنی كەسانی بەرپرسدا پێوەری (دادپەروەریی و خواویستیی) لەبەرچاو بگیرێ ، ئەگەرچی لەبەرچاوگرتنی ئەو پێوەرەش بە زەرەری خۆت و خێزانەكەت و نزیكەكانیشت بشكێتەوە!

هەڵبژاردن (دیانەتە) چونكە پاڵێوراوەكان لەسەر بنەمای كەفائەت و لێهاتوویی و لێوەشاوەیی و شایستە بوونیان بۆ ئەو پلە و پۆست و پێگەیەی بۆیان دیاری كراوە هەڵدەبژێردرێن، تەنانەت ڕێگا نادرێت كەمترین مەیل و ئارەزوو بەلای هەڵبژاردنی ئەو كەسانەدا بكرێ كە لاوازو ناشایستەن ، قورئان دەفەرموێ : (شوێن ئارەزووەكانتان مەكەون نەوەك دادپەروەر نەبن لە دەستنیشان كردندا).

هەڵبژاردن (دیانەتە) چونكە پاڵت پێوەدەنێ بەراورد بكەیت لەنێوان چاكەكان و خراپەكانداو، خۆت لەو عارە  پاك بكەیتەوە كەسێك دەستنیشان بكەیت حاشیە و ماستاوچیەكی خراپ و قێزەوون بووە ، یان نوێنەرو دەم ڕاست و دەستەڕاستی ستەمكارێك بووە كە بە ئاگرو ئاسن و كوشت و بڕو چاوسووركردنەوە و خۆسەپاندن فەرمانڕەوایەتی كردووە ، یان لە دزیی و تاڵانی و بەهەدەردانی سامانی گشتیدا تێوە گلاوە! چونكە قورئان دەفەرموێ : (ئەم جۆرە كەسانە ستەمكارن مەیلیان مەدەنێ و لێیان نزیك مەبنەوە).

یەكێك لە زانا ساڵحەكان پرسیاریان لێكرد : من جلوبەرگ و پۆشاك بۆ ستەمكاران دەدوورم ، ئایا منیش بە هاوكارو یارمەتیدەری ستەمكاران دادەنرێم ؟ لە وەڵامدا ووتی : نەك تەنها هاوكاری ستەمكارانی ، بەڵكو تۆ خۆت زاڵم و ستەمكاری!

هەڵبژاردن (دیانەتە) چونكە كاتێك كە تۆ دەچیتە ناو کابینەو پشت پەردەكەوە و تاك دەبیتەوە  لەو ساتەدا ڕادەچڵەكێی ، خێرا ئەوەت بیردەكەوێتەوە كە تۆ فریشتەكان دەوریان داویت و چاودێریت دەكەن و، وێنەیەكی تایبەتیت دەگرن و هەڵیدەگرن بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە ، بۆیە تۆ ئیتر لێرەوە دەترسی لەوەی قەڵەمەكەت بەكاربهێنی بۆ شتێك كە دڵخۆش نابیت ئەگەر لە ڕۆژی دواییدا خستیانەوە بەرچاوت!

لە كۆتاییدا دەڵێم: نابێ لای ئێمە هەڵبژاردن تەنها (سیاسەت) بێ ، بەڵكو دەبێ یەكەمجار (دیانەت) بێ ئینجا (سیاسەت) بێ ، بۆ ئەوەی نەك تەنها ئەم دنیا چاك بكەین ، بەڵكو هەردوو دنیا مسۆگەر بكەین.

یەكێك لە بیرمەندە گەورەكان دەڵێ : (شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە ئەوەیە شۆڕش دەكات بۆ ئەوەی گەندەڵی نەهێڵێ ، دواتر ئارام دەبێتەوە بۆ ئەوەی سەربەرزیی و شكۆ و كامەرانیی بنیات بنێ ).

 

 چیا و نما نەوشیروان مستەفا پەیامێکیان بڵاوکردەوە
پێت  چیا و نما نەوشیروان مستەفا پەیامێکیان بڵاوکردەوە
سێ وێستگەی دەنگدانی VIP دەکرێنەوە
دوات سێ وێستگەی دەنگدانی VIP دەکرێنەوە
پەیوەنیدر