لاهور شێخ جەنگی: سیستمی مووچە لەتەواوی عێراق یەكدەخەین



لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی لیستی بەرەی گەل بەبۆنەی دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، ئەو بەڵێنانەی لە بەرەی گەلەوە دەیبیستن دەبێتە بەرپرسیارێتی چوار ساڵی داهاتوی سەرشانمان.

لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەوەی ئێمە لە ٤ ساڵی داهاتودا كاری لەسەر دەكەین بە پلەی یەكەم ئەوەیە مووچە و ژیانتان مسۆگەر بێت، ئێمە باوەڕمان بە شیعاربازی نییە ژیان و بژێوی خەڵكمان لا گرنگە مووچە و بودجەی خەڵكی هەرێم دەبێ مسۆگەر بێت كاردەكەین بۆ ئەوەی سیستمی مووچە لەسەر تاسەری عیراقدا لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتی دابەشكردنی بكەینە یەك سیستم و كۆتایی بە كێشەی مووچە بهێنین، كە ماوەی ١٠ ساڵ زیاترە بە حزبەكانی دیكە نەكراوە.

دەقی پەیامەكە:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان،
كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان دڵسۆزان و پشتیوانان بەرەی گەل ئەم كاتەتان باش.
بە پشتیوانی خوای گەورە و هیمەتی ئێوە دەستپێكی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی لیستی ژمارە ١٦٩ ی بەرەی گەل بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ٢٠ ی ١٠ی ئەمساڵ رادەگەیەنین.

بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە پێتان دەڵێین پشتیوان بە خوا و خەڵكی كوردستان سەركەوتنی گەورە بە دەست دەهێنین.
هەموو ئەو بەڵێنانەی لەبەردەم ویژدانی زیندوی میلەتەكەمان و مێژوو پێتان ئەدەین لە ئاستیاندا دەبین بەرەی گەل كە خۆرێكی درەوشاوەی كردۆتە بەیداخی خۆی پرۆژەیەكی سیاسیی جدییە جوڵانەوەیەكی جەماوەری بنكە فراوانە بۆ كاری گەورە و گرنگ هاتۆتە بوون بۆ چاكسازی ریشەیی لە موچە و بژێۆی هاوڵاتیان و دابینكردنی ئاسایش وئارامی خەڵكی هەرێمی كوردستان هاتۆتە مەیدان و بەشدارە لە هەڵبژاردن.

دەنگدەرانی خۆشەویست،
ئەو بەڵێنانەی لە بەرەی گەلەوە دەیبیستن دەبێتە بەرپرسیارێتی چوار ساڵی داهاتوی سەرشانمان بێ دو دڵی بریاری بەشداریكردنی هەڵبژاردن بدەن و یەكلاببنەوە لەوەی دەنگتان بۆ بەرەی گەل بێت ئەم هەڵبژاردنە فرسەتێكی مێژووییە تا گەل حوكـمرانی چەوت و پڕ تاوانی ئێستا رەتبكاتەوە دۆخەكە لەبارە و ئێستا وەك ساڵانی رابردوو نییە هاوكێشەكان گۆڕان و زیاتریش دەگۆڕێن ئەگەر بەشداری فراوانی ئێوە هەبێت لە هەڵبژاردندا دەتوانین ئەم دۆخە لە ریشەوە بگۆڕین.

ئەوەی ئێمە لە ٤ ساڵی داهاتودا كاری لەسەر دەكەین بە پلەی یەكەم ئەوەیە موچە و ژیانتان مسۆگەر بێت ئێمە باوەڕمان بە شیعاربازی نییە ژیان و بژێوی خەڵكمان لا گرنگە موچە و بودجەی خەڵكی هەرێم دەبێ مسۆگەر بێت كاردەكەین بۆ ئەوەی سیستمی موچە لەسەر تاسەری عیراقدا لە روی چەندێتی و چۆنێتی دابەشكردنی بكەینە یەك سیستم و كۆتایی بە كێشەی موچە بهێنین كە ماوەی ١٠ ساڵ زیاترە بە حزبەكانی دیكە نەكراوە.

ئامانجێكی دیكەی گرنگی ئێمە بریتیە لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی خەڵك بۆ ئێمە ئەوە گرنگە هەموو تاكێك لەم هەرێمەدا هەست بكات ژیانی كەرامەتی شكۆی پارێزاروە و كەس ناتوانێ غەدری لێ بكات و ببێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی لە ئێستادا سەلامەتی و ئارامی شارەكان و ژیانی هاوڵاتیان بە دەست چەكی نایاسایی و میلیشیاییەوە هەڕەشەی جدی لەسەرە ئەو ئارامی و ئاسایشەی كە وابكات خەڵك دڵنیابێت لە سەروسامانی خۆی بە حزبەكانی دیكە نەكراوە بە ئێمە دەكرێت.

ئەوەی دەبێتە كاری هەرە لە پێشی ئێمە. پرسی سەروەری یاسایە لە ئیستادا لەبری یاسا حزب خۆی سەپاندوە. دورخستنەوەی سیاسەت و دەستی حزب لە دادگاكان ئامانجێكی گرنگی بەرەی گەلە ئەو یاسا سەروەرییەی بە ئەوانی دیكە نەكراوە بە بەرەی گەل دەكریت و/ دەبێ یاسا لەم هەرێمەدا حوكم بكات نەك حزب.

بواری پەرەوەردە و خوێندن لەگەڵ خزمەتگوزاری تەندروستی دوو بواری دیكەی گرنگن كە لە ستراتیژی بەرەی گەلدا جێگەی گرنگی خۆیان هەیە و پرۆژەو پلانی چاكسازیمان بۆ ئەو بوارانە ئامادەیە و بەئێمە دەكرێت.

بێگومان پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ و بڕینی دەستی حزبەكان لەناو دامەزراوەی سەربازی هەرێمدا ئامانجێكی دیكەی باڵای بەرەی گەلە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و باشكردنی ژیان و گوزەرانیان بە حزبەكانی دیكە نەكراوە بە ئێمە دەكرێت.

هاوڵاتیانی خۆشەویست خۆتان ئاگادارن تا ئێستا هەرێمی كوردستان دەستورێكی رێك و پێكی نییە كە تێیدا مافەكانی خەڵكی كورستان دەستەبەركرابێت بۆ خولی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان ئامانجامان نوسینەوە و پەسەندكردنی دەستورێكی دیموكراتی مرۆڤدۆستی پڕ لە ماف و ئازادییە كە ببێتە گرێبەستی كۆمەڵایەتی نیوان خەڵك و دەسەڵات لە هەرێمدا و بەهۆیەوە بتوانین چواچیوەیەكی دەستوریمان هەبێت بۆ پاراستنی مافەكانی تاك بەتاكی كۆمەڵگای كوردستانی بە هەموو رەنگ و نەتەوە و پێكهاتە جیاكانییەوە. وەك بەرەی گەل دەستورێك كە رەسانەیەتی ئاینی و نەتەوەیی و نیشتیمانیمان بپارێزی دەكەینە چوارچیوەیەكی پتەوی یاسایی بۆ یەكخستنەوەی كردارەكی هەرێمی كوردستان لە زاخۆوە تا كفری.

خەڵكی خۆ راگری هەرێمی كوردستان،
بەرچاومان بۆ داكۆكی لە مافی تێكرای چین و توێژەكان ڕوونە هەر لە گەنجانەوە كە داینەمۆی كۆمەڵگان بۆ ئافرەتان و ژنان كە رۆحی هەموو كۆمەڵگایەكی بەهێزن و بۆ چین و توێژەجیاكانی دیكەش بەهەمان شێوە لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بۆ هەموو ئەو بوارانە پەیامی تایبەت و گفتوگۆی مەیدانیمان دەبێت.
ئەوەی گرنگە لە كۆتایی ئەم پەیامەدا پێتان بلێێن ئەوەیە.

وەكو لاهوری كوڕی شێخ جەنگی تاڵەبانی و بەناوی هاورێكانیشمەوە لە بەرەی گەل بە سود بینین و ئەزمون وەرگرتن لە هەڵەكانی رابردووبە بەخۆداچونەوەیەكی قوڵەوە بەرەی گەل وەك پرۆژەیەكی سیاسیی دەخەینە خزمەتی ئێوە ئەو بەرە سیاسییە نوێیە دەبێتە سەنگەری داكۆكیكردن لە مافەكانی تاك بەتاكی ئەم هەرێمە و لە هیچ باردۆخێكدا بەجێمان نەهێشتون و بەجێتان ناهێڵین.

هاوڵاتیانی خۆشەویست بۆ هەڵبژاردنی ٢٠ ی ١٠ ی ئەمساڵ لیستی بەرەی گەل و كاندیدە بەهێز و ئازاكانی دەخەینە بەردەم ویژدانی زیندوی ئێوە چاومان لە پشتیوانیتانە وەك چۆن خۆمان دڵنیاین كە چاككردنی ئەم دۆخە بە ئێمە دەكرێت ئێوەش دڵنیابن كە بەڵێ بە ئێمە دەكرێت بەڵێ بە بەرەی گەل و بە خەڵكی ئازا و چاونەترس دەكرێت.

تكایە بە فراوانی بەشدار بن لە هەڵبژاردندا رۆژی ٢٠ مانگی داهاتوو خۆتان و ماڵ و منداڵتان برۆنە سەرسندوقەكانی دەنگدان و بیكەن بە رۆژێكی نیشتیمانی گرنگ بۆ سزادانی حوكمرانی پر لە تاوان و تاڵانی دەسەڵاتداران بڕۆن و بە ویژدانێكی ئاسودەوە دەنگ بدەن بە لیستی ژمارە ١٦٩ ی بەرەی گەل.
دەنگدەرانی قەدر گران لە سنوری پاریزگاكانی، هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆك.

ساڵانێكە ئەم هەرێمە بۆ حزبەكانی دەسەڵات تەنها پارە و گیرفانە بۆ ئێمە هەرێمی كوردستان خەڵك و خاك و نیشتیمانە دڵنیابن رێكەوتنێكی پتەو لەگەڵ بەغدا حوكمرانییەكی سەركەوتوو سەروەركردنی یاسا چەككردنی حزب و میلیشیا موچە و بژێوی شایستە ئاسایش و ئارامی خوێندنی پڕ مەعریفە و تەندروستیەكی ژیاندۆست و پاراستنی ژینگە بە بەرەی گەل دەكرێ بە لیستی خۆرەكە دەكرێ، بە ئێمە و ئێوە بە هەمومان بە دەنگدان دەكرێ.

بە خوای گەورەتان دەسپێرم پێتان دەڵێم بەیەكەوە كاری گەورەمان پێ دەكرێت هەرگیز بێ هیوا مەبن ئێستا و ئایندەی خەڵك و خاكی ئەم هەرێمە چاوی لە هیمەت و ئازایەتی و ئیرادە و دەنگی ئێوەیە.

سبەینێ شەقامێکی سلێمانی دادەخرێت
پێت سبەینێ شەقامێکی سلێمانی دادەخرێت
لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران باسی مووچە نەکرا
دوات لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران باسی مووچە نەکرا
پەیوەندیدار