دەسەڵات و ڕۆشنبیری کورد



ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد – نووسەر

ئەگەر لە دوای نیسکۆ و ساڵی ١٩٧٥ەوە قسە لەسەر پەیوەندی شۆڕش و ڕۆشنبیری کورد بکەین، ئەوا ڕۆشنبیری کورد دەستپێشخەر نەبووە لە هیچ شۆڕش و جوڵانەوە و گۆڕانکارییەکدا، ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەی شۆڕشەکانی جیهان و ئەوروپای غەربییە، کە لەپاڵ سەرکردە سەربازییەکاندا نووسەران و فەیلەسووفەکانیش بوون بە بەشێک لە شۆڕشگێڕان.

لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ی گەلەکەشمانەوە، ئەوا شۆڕشگێڕان ئەم شۆڕشەیان پەرپاکرد و دواتر دەرگا کرایەوە بۆ ڕۆشنبیران لەم پانتاییە ئازادەدا دەربکەون، هەرچی پرسی دیموکراسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دواتر جۆرەکانی میدیا و …هتدە، ئەوەندەی دەسەڵات لەهەندێک ناوچەی کوردستاندا هۆکاربووە لە دەرکەوتنی و دروستکردنیدا، ئەوەندە ڕۆشنبیران ئەوەیان بەرهەمنەهێناوە.

ئەوەی کەمەکێک سەرۆکاری لەگەڵ خوێندنەوە و فەلسەفە هەبێت، چیرۆکی ‘ئیمانوێل کانت’ و دەسەڵات دەزانێت کە چۆن کتێبەکانی قەدەغەدەکرێت، بەڵام خوێنەرانی فیکری ‘کانت’ دەچنە پشت دەرگا داخراوەکانەوە و لەژێر بەتانییەکانیانەوە کتێبەکانی ‘کانت’ دەخوێننەوە، بەڵام لە کوردستان ئەو ڕۆشنبیر و فەیلەسوفەی کە تا دوێنێ ڕەخنەی لە بوونیادی سیاسی حزب، حکومەت و دەسەڵاتی کوردی دەگرت و دەیویست بیڕوخێنێت و ئاشنای فەلسەفە و بیری نوێ و ڕۆشنگەریمان بکات، ئێستا دەیەوێت لە کەناڵی حزب و سێبەری دەسەڵاتەوە گۆڕانکاری بکات!

چ بەڵایەک لەوە کارەساتبارترە بۆ نائومێدبوون لە ڕۆشنبیری کورد و نائومێدبوون لە گۆڕانکاری؟

لە هەموو شۆڕشەکاندا ڕۆشنبیران هێزی گۆڕانکاریبوون، لە ساڵۆنی بارۆن دۆڵباکی فەرەنسیدا سەدان نووسەر بوون بە قوربانی لەسەر دەستی دەسەڵات و پیاوانی ئایینی و کڵێسای پاریس، لە ئەڵمانیاش کاتێک شۆڕش لە پاریس دەستی پێکرد نووسەرانی ئەڵمانیا درەختیان ناشت و هیوایان خواست ئەو شۆڕشە بگاتە ئەڵمانیا.

کەچی ڕۆشنبیرو فەیلەسوفەکەی ئێمە پێچەوانە بە هەموو ئەرک و مەهامێکی ڕۆشنبیر دەردەکەوێت، کە ئەویش لووتکەی ئەو نادادییەیە کە تا دوێنێ ڕەخنەیان لێدەگرت، پێویستە ئەم نووسەرانە ببێزێنرێن، وەک چۆن ئەوان سەردەمانێک دەیانویست لە زمانە سیحرییەکەیانەوە دەسەڵات ناشیرین بکەن، پێویستە ئێمەش ئەوان ناشیرین بکەین و بە درۆکانیان نەخەڵەتێین.

ئەوانە زۆر لە دەسەڵات ناشیرینترن، وەک چۆن ئەوان دەیانەوێت سیحری وشەمان بدەن بەگوێدا، پێویستە ئێمەش سیحری زمانە ناباوە فەلسەفی و ناتەندروستەکەیان خاڵیبکەینەوە، چونکە دوای زیاتر لە سێ دەیە تا ئێستا ئەرکی ڕاستەقینەی ڕۆشنبیری کورد دیارنییە.

دەبێت هەمووان دەنگبدەن
پێت دەبێت هەمووان دەنگبدەن
كاتی دابەشكردنی زەوی فەرمانبەران ڕاگەیەنرا
دوات كاتی دابەشكردنی زەوی فەرمانبەران ڕاگەیەنرا
پەیوەندیدار