نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق داواکارە لایەنە سیاسییەکانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دووربکەونەوە لە لەکەدارکردنی یەکتر و دەڵێت”داواکارین بانگەشەى هەڵبژاردن دوور لە توندوتیژى بەڕێوەبچێت”.
نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان ”یۆنامی” لە عێراق سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.
یۆنامی لەڕاگەیەندراوەکەیدا ڕایگەیاند، داواکارین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان بە دادپەروەرانە و شەفافانە بەڕێوەبچێت و ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.
دەشڵێت، هیوادارین لایەنەکان سەرنجيان لەسەر کێبڕکێی ئاشتيانە بێت بۆ ئەوەی دەنگدەران بتوانن بڕياری هۆشيارانە لەسەر سندووقی دەنگدان بدەن، و پێویستە کەشێکی سەلامەت بۆ کاندیدە ژنەکان بڕەخسێت لەبەر ئەوەی زۆرجار دوچاری ئاستەنگ دەبنەوە.
بڕیارە ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، و دەنگدانی تایبەتیش ڕۆژی ١٨ـی تشرینی یەكەم بەڕێوەدەچێت، هەروەها بڕیارە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكە بكات.
ئەمڕۆ 25ـی ئەیلوول یەکەم ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو و لایەنەکان دەستیان بە بانگەشەکرد، هاوکات هەر ئەمڕۆش ساڵڕۆژی ئەنجامدانی گشتپرسی ڕیفراندۆم بوو، بڕیاریشە ٢٠ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.