ژمارەیەک پەنابەری کورد لە لوبنان برینداربوون



لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ژمارەیەک پەنابەری کورد بریندار بوون، هاوكات هاووڵاتییەكی عێراقی كوژراوە و چەند كەسێكی دیكەش بریندارن.

ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 30 پەنابەری سوریایی لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە لوبنان کوژراون.

حەنان عوسمان، سەرۆکی کۆمەڵەی نەورۆز لە لوبنان بۆ (دەنگی ئەمریکا)ی پشتڕاستی کردەوە، کە هیچ کەسێکی کورد لە نێو کوژراوەکانی لوبناندا نەبووە، بەڵام ژمارەیەک کورد بە منداڵیشەوە بریندار بوون.

بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی نەورۆز لە لوبنان، نزیکەی 35 هەزار پەنابەری کورد لەو وڵاتەدا هەن، کە زۆربەیان خەڵکی عەفرینن. دوای هێرشی تورکیا لە ساڵی 2018 کۆچیان کردووە بۆ لوبنان.

زۆربەی ئاوارەکانی عەفرین لە باشووری لوبنان لە بواری کشتوکاڵدا کاردەکەن، کە ئێستا بووەتە ناوچەی شەڕ.

مستەفا ڕەشید، پەنابەرێکی کوردە و خەڵکی عەفرینە و ئێستا لەگەڵ سێ بنەماڵەی کورد لە بەشێکی باشووری لوبنان گیریان خواردووە. ناوبراو لە پەیامێکدا بۆ (دەنگی ئەمریکا) ڕایگەیاند، بە دوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن لە ناوچەکە هەڵبێن و وتیشی، “خەڵک بە گشتی هەڵدێت، ئێمەش هەوڵدەدەین بگەینە بەیروت”.

بەڕێوەبەریەتی خۆسەر لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکەیەوە لە لوبنان لیژنەیەکی بۆ چاودێری ڕەوشی پەنابەرانی کورد لە لوبنان پێکهێنا.

عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە لوبنان بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند، ئیدارەی خۆسەر بە هەموو دەسەڵاتێکەوە هەوڵدەدات هاوکاری کۆچبەران بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە 7 ڕۆژ پێش ئێستا هەموو پەنابەرە سوورییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە شەڕەکە فراوانتر دەبێت، هەروەها پێویستە لە باشووری لوبنان دوور بکەونەوە و وتیشی، “ئەرکی ئەم لیژنەیە هاوکاریی ئاوارەکانە و هەوڵدانە بۆ گواستنەوەیان بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا”.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پشتیوانی لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا لە لوبنانەوە دەکات و ڕایگەیاند، ئامادەیە هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیانی سوریا پێشکەش بکات.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی شەڕ، کوردەکانی سوریا بە ترسەوە سەیری دۆخی لوبنان دەکەن. ڕەشا سلێمان، ژنێکی کوردی خەڵکی قامشلۆیە، زۆربەی خێزانەکەی لە لوبنان کاردەکەن. ئەو دەڵێت: مەترسی لەسەر ژیانی خێزانەکەی لە لوبنان هەیە.

دوایین هێرشەکان لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل و حزبوڵا بە مووشەک هێرش دەکەنە سەر یەکتر و ئیسرائیل سەرنج دەخاتە سەر سنووری باکوری وڵاتەکەی، لە کاتێکدا حزبوڵڵای لوبنان موشەک ئاراستەی ئیسرائیل دەکات وەک پشتیوانیەک لە حەماسی هاوپەیمانی.

لە میانی ئەم شەڕەدا زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری سوری لە لوبنان لە دۆخێکی ناجێگیردان.

” لەخۆمانەوە دەست بە چاكسازی دەكەین”
پێت ” لەخۆمانەوە دەست بە چاكسازی دەكەین”
هاتووچۆی گەرمیان ئاگادارییەکی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاوکردەوە
دوات هاتووچۆی گەرمیان ئاگادارییەکی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاوکردەوە
پەیوەندیدار