“ئێران سوورە لەسەر تۆڵەکردنەوە”



ئێران سوورە لەسەر تۆڵەکردنەوە وەڵامدانەوەی سەبارەت بە تیرۆرکردنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس و دەڵێن ئەمە بۆ کات و ساتی خۆی هەڵدەگرین و لە ئێستادا خۆمان ناخەینە ناو تەڵەی نەتانیاهۆ.

 

بەرپرسانی ئێران بەردەوامن لە جەختکردنەوە لەسەر “مافی وەڵامدانەوە”یان بەرامبەر بە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لەسەر خاکی خۆیان، بەڵام ئاماژە بەوە دەکەن بۆ کات و شوێنی گونجاو بەرپەرچدانەوەکانیان هەڵگرتووە.

 

محەممەد جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیجی و وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران بە تۆڕی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی ڕاگەیاندووە، ئێران، دوای تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە تاران خۆگرتنی خۆی نیشان دا، مافی خۆشیەتی وەڵامی ئەم کردەوە تیرۆریستییە بداتەوە لەو کاتەدا کە بە گونجاوی دەزانێت .

 

زەریف کە یاوەری مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێرانە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ڕایگەیاندووە، ئێران “ئامادەیە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکە بکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە. ”

 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوای تیرۆرکردنەکە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای لێکردین دان بە خۆماندا بگرین لەپێناو کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئاگربەست نەکرا.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئێن بی سی نیوز، زەریف جەختی لەوە کردووەتەوە، “دەمانەوێت بەرەو جیهانێکی ئارامتر و سەقامگیرتر هەنگاو بنێن بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەمان و خەڵکی وڵاتانی دیکە، ئێمە بەدوای شەڕدا ناگەڕین، بەڵکو بەرگری لە خۆمان دەکەین”.

 

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرنگترین لایەنی دیاری دڵسۆز بۆ تاران، کە حزبوڵڵای لوبنانە لە لایەن ئیسرائیلەوە هێرشێکی بێ وێنەی لەسەرە و لەم چەند ڕۆژەدا شایەتی کوشت و برێکی زۆرن.

 

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر: نابێت هەڵمەتی هەڵبژاردن پەرتمان بکات
پێت هەڤاڵ ئەبوبەکر: نابێت هەڵمەتی هەڵبژاردن پەرتمان بکات
مامۆستایان لەگەڵ دەستپێکی خوێندن زەنگی بایکۆت لێدەدەن
دوات مامۆستایان لەگەڵ دەستپێکی خوێندن زەنگی بایکۆت لێدەدەن
پەیوەندیدار