ئەمڕۆ دوو شەممە 23ی ئەیلولی 2024، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق لەبارەی یەکخستنی غەرامەکردنی هاتووچۆی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سیستمی غەرامە لەنێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی یەكخراوە و سەرجەم سەرپێچییەكان تۆماردەكرێن و دواتر ئاڵوگۆڕ دەكرێن لەنێوانیان.
حەیدەر شاکر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق بە (بغداد الیوم)ی ڕاگەیاند، “غەرامەکردنی هاتووچۆ لە نێوان ناوەند و هەرێم بەردەوامە لە نوێکردنەوە، لە ڕێگەی بەشی بەدواداچوون و پەیوەندییەوە و هیچ کێشەیەک لەوەدا نییە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لەلایەن مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتییەوە غەرامە بەسەر سەرپێچیکاراندا دەسەپێنرێت بەشێوەیەکی شیاو و یاسایی بەسەر سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامە گشتیەکان لێدەخوڕن، جا چ لە بەغدا بێت یان لە پارێزگاکانی تر”.
لە 17ی تەمموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ ئاڵوگۆڕی دیسکی بۆ سەرپێچیەکانی هاتوچۆی نێوان بەغدا و کوردستان ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بە جێبەجێکردنی سیستەمی كامێرای جێگیر لەسەر ڕێگا سەرەکییەکانی بەرەو کەربەلا، ئەنبار، دیالە، بابل کرد.
لای خۆشیەوە، محەمەد عەلی ئەلحەسون، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەكردووە، “بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گشتی جددییە و سوورە بە کاراکردنی سیستمی كامێرای جێگیر لەسەر ڕێگاوبانەکان بۆ سنووردارکردنی خێرایی و ڕێگریکردن لە خێرایی زیادە، بۆ پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ لەسەر ڕێگاکانی دەرەوە”.
ئاماژەی بەوەشدا، “پێشنیار و پلانی داهاتوو زۆرن، که بەڕێوەبەڕایەتی گشتی هاتووچۆ کاریان له سەر دەکات، هەندێکیان هاتوونه بواری جێبه جێکردن، وەک کامێرای زیرەک و جێگیر لەسەڕ ڕێگاکانی دەرەوە ، ترافیک لایتی ئه لیکترۆنی، پلاندانان و مۆبیلیاتکردنی شەقامەکان، كردنەوەی تابلۆی پلێت و کارگەی ئۆتۆماتیکی ئەلیکترۆنی، و گۆڕینی کاتی دەوامی فەرمی بۆ نەهێشتنی قەرەباڵغی هاتووچۆ و پلانی داهاتوو هەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەوە بەرەو تەکنەلۆجیا و مۆدێرنیتە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی خواستەکانی هاووڵاتییان”.
سەبارەت بە یەکخستنی سەپاندنی غەرامە لەنێوان ناوەند و هەرێم، ئەلحەسون ڕوونیکردەوە، “هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەشی ئاست بەرز لە نێوان حکومەتی ناوەند لە بەغدا و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانیاری لە ڕێگەی دیسک و ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی سەبارەت بە چاودێریکردن سەرپێچی هاتوچۆ لە بەغدا و هەرێمی کوردستان هەیە”.