ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی لە عێراق دووچاری بە بیابانبوون دەبێت، ئەمەش نزیک دەبێتەوە لە ئاستێکی مەترسیدار و هۆشداری بە حکومەت دەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، فازل غەراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بیابانبوون و وشکەساڵییەوە عێراق ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی لەدەست دەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووبەری زەوییە بیابانییەکان لە عێراق نزیکەی 27 ملیۆن دۆنم زەوییە، کە یەکسانە بە نزیکەی 15%ی ڕووبەری وڵاتەکە، لەکاتێکدا نزیکەی 55%ی ڕووبەری عێراق بە زەوییە مەترسیدارەکان دادەنرێت بەهۆی بیابانبوونەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕووەک لە عێراق لە 50% بۆ 17% کەمیکردووە.
جەختیشی کردەوە، بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا ڕووبەری دارستانەکانی عێراق تەنیا 8 هەزار و 250 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، واتە 2%ی کۆی ڕووبەری وڵات پێکدەهێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانی کەشوهەوا و زریانی خۆڵ و کەمی باران و گەرمبوونی جیهان بەشداربوون لە دابەزینی ڕێژەی ڕووپۆشی ڕووەک لە عێراق.
ڕوونیشی کردەوە کە نەبوونی ڕووپۆشی ڕووەکی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیسبوون و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی خۆراک.
غەراوی داوای لە حکومەت و سەرجەم پارێزگارەکان و دامودەزگاکان و هاوڵاتیان کرد کە لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا هەڵمەتێک بۆ چاندنی 15 ملیار نەمام لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا دەستپێبکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی ڕووەک.