قوباد تاڵەبانی: ئەگەر بایۆمەتری نەبوایە عێراق مووچەی هەرێمی نەدەنارد



جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لیستی بایۆمەتری ئەو لیستەیە، كە جێگەی متمانەی حكومەتی فیدڕاڵییە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە پەراوێزی (دووەمین پێشانگەى نێکست ستێپ) بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، سەرەتا كە هاتمەوە كوردستان بینیم حكومەتەكەمان تەواو كاغەزییە و لەبیرمە جارێك تیمی چاودێری دارایی هاتن بۆ ئۆفیسەكەم و كۆمەڵێك ڕاوێژكارم هەبوو، كە بودجەیەكمان تەرخان كردبوو بۆیان و لێپرسینەوەیان لەگەڵ كردم، كە گوایە پێشێلی ڕێنمایی ساڵی 1960م كردووە و دەبوو دەفتەری تۆمار بەكاربهێنین نەك بەرنامەی كۆمپیوتەری ئێكسڵ.

ڕاشیگەیاند، ئیتر لەوێوە بڕیارمدا ئەو سیستمە بگۆڕین و بیرمان لەوە كردەوە چۆن حكومەتەكەمان بكەینە ئەلیكترۆنی ئەوەش لەپێناو باشتركردن و خێراتركردن و شەفاف كردنی ئیشوكارەكانی فەرمانگەكانە، بۆیە بۆمان دەركەوت بەشێكی كێشەكان بە ئەلیكترۆنی چارەسەر دەبێت.

وتیشی، “لە دوای 2014ەوە كە نەمانتوانی مووچە بدەین و تووشی قەیران بووین و نەماندەزانی مووچە بدەین بەكێ‌؟ بۆیە دەستمان كرد بە پڕۆژەی بایۆمەتری و لە 2014ەوە دیزاینمان بۆ كرد و لە 2016ەوە دەستمان بە جێبەجێ‌ كردنی كرد”.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: “خەڵك وایان دەزانی شێتم لەو كاتەدا و دەیانوت خەریكی چیت و خۆت بەچییەوە سەرقاڵ كردووە؟ بۆیە وتم ئێمە دەبێت بزانین كێ‌ مووچەخۆری خۆمانە”.

ئاشكراشی كرد، ئەوەتا ئەگەر بایۆمەتری نەبوایە حكومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی نەدەنارد و لیستی بایۆمەتری ئەو لیستەیە، كە جێگەی متمانەی حكومەتی فیدڕاڵییە.

پۆلیسی سلێمانی: كوشتنی برا لەلایەن براوە زیادی كردووە
پێت پۆلیسی سلێمانی: كوشتنی برا لەلایەن براوە زیادی كردووە
پارەی جوتیارانی سلێمانی خەرجدەکرێت
دوات پارەی جوتیارانی سلێمانی خەرجدەکرێت
پەیوەنیدر