بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، حزبوڵای لوبنان زنجیرەیەک هێرشی یەک لە دوای یەکی بە ١٠٠ مووشەک بۆ سەر خاکی ئیسڕائیل ئەنجامدا کە لەکاتژمێر ٤ی بەیانی تا ٧ی بەیانی بەردەوام بوو، ئامانجە سەربازی و تەکنەلۆژییەکانی سوپای ئیسرائیلی کردە ئامانج.
بۆردومانەکە، دوای کاتژمێر چواری بەیانی بە هەڵدانی زیاتر لە 20 مووشەک دەستیپێکرد و دوای کاتژمێر شەش زیاتر لە 80 مووشەک بەرەو ئامانجەکان هەڵدران کە بریتی بوون لە بۆردومانکردنی بنکە و فڕۆکەخانەی “رامەت داود”، باشووری ڕۆژهەڵاتی حەیفا، بە ئامانجگرتنی کۆمەڵگە پیشەسازییە سەربازییەکانی کۆمپانیای ڕافایل کە تایبەتمەندە بە ئامراز و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە ناوچەی زۆڤولۆن لە باکووری حەیفا، بە دەیان موشەکی فادی 1، فادی 2 و کاتیوشا، ئامانڤەکان پێکران.
حزبوڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “ئەم بۆردومانە بە وەڵامێکی سەرەتایی دەزانێت بۆ تەقینەوەکانی پەیجەر و ئامێرە ڕادیۆییەکانی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ڕابردوو کە هەزاران کەسی کردە قوربانی”.
هەر لە هەمان چوارچێوەدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، پێش ئەوەی بچنە ناو ئیسرائیلەوە، ئامانجە ئاسمانییە “گوماناوییەکان” کە لە ئاراستەی عێراقەوە هاتبوون، ئاشکرایانکردووە، دوو مووشەکی کروز لە عێراقەوە بەرەو ناوچە داگیرکراوەکان هەڵدراون.