مەسرور بارزانی: دەمانەوێت لە حکومەتی عێراقدا هاوبەشبین



سەرۆکی حکومەت ڕایدەگەیەنێت، وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیانی ١٩ ملیار دۆلاری لە ئابووری عێراق داوە، عێراق مافەکانی کوردستان نادات و بەرپرسیارە لە پاراستنی دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان.

لە چاوپێکەوتنێکدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەناڵی ئەل حەدەسی عەرەبیدا ڕایگەیاند، کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق زۆر لە مووچە و نەوت و غاز گەورەترە، کێشە جێبەجێنەکردنی دەستوورە، دەستوور دەبێت جۆری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێکبخات، ئەگەر نیەت هەبێت، ئاوا چارەسەر ئاسانە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراقە، وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیانی ١٩ ملیار دۆلاری لە ئابووری عێراق داوە، هەرێمی کوردستان زیانەکەی زۆر لەوەش زیاترە، وە حکومەتی عێراق هیچ قەرەبووکردنەوەیەتی بۆ ئەم زیانە نەکردووە.

مەسرور بارزانی ئەوەی خستەڕوو، حکومەتی عێراق لە یاسای بودجەدا نرخێکی بۆ دەرهێنانی نەوت لە تەواوی عێراقدا دیاریکردووە، لەکاتێکدا کێڵگەکانی دەرهێنانی نەوت لە هەریمی کوردستان جیاوازن، جۆری نەوتەکەش جیاوازە، بۆیە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە ٣٠ دۆلار زیاتری دەوێت.

بەپێی وتەکانی سەرۆک وەزیران، هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی دەستوورە، زیاتر لە هەر بەشێکی عێراق ئەرکەکانی جێبەجێدەکات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک هیچ سوودیان لە عێراق نەبینووە و مافەکانیان وەرنەگرتووە.

“دەیان خەرجی لە یاسای بودجەی عێراق هەیە، کە دەبێت بەشی هەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام بەشی هەرێمی کوردستان نەدراوە، تەنانەت لە خەرجی حاکیمە هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان تەرخاننەکراوە، لە کاتێکدا بڕە پارەیەکی زۆر گەورەیە، ئەمە جگە لەوەی تا ئێستا هیچ قەرەبوویەکی هەرێمی کورستان نەکراوەتەوە، لەکاتێکدا چەندین تاوانی وەک ئەنفال و کیمیابارانیکردنی هەڵەبجە و وێرانکردنی چوار هەزار و ٥٠٠ گوند بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدراوە، بەڵام هەرێمی کوردستان یەک فلسی قەرەبوو وەرنەگرتووەتەوە”

لەبارەی هەوڵ بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، بوونی بۆچوون و جیاوازی سیاسی خاڵی لاوازی هەرێمی کوردستان نییە، ئەوەی بیەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکات، سەرەتا خۆی لاواز دەبێت، دەبێت عێراقێکی فیدڕاڵ دروستبکرێت، کە عێراقی هەمووان بێت.

لەبارەی دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە ئاماژەی بەوەکرد، هێشتا مەترسی تیرۆریزم لەسەر عێراق کۆتایی نەهاتووە، بۆیە دەبێت هێشتا هێزەکانی هاوپەیمانان بمێننەوە، هێشتا دۆخی ئەمنی عێراق باشە بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستەی بتوانێت ڕووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە، هاوکات لەبارەی هێرشەکانی ئێران بە ناوی بوونی بنکەی ئیسڕائیل و مۆساد ڕایگەیاند، حکومەتی ئێران تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی بڵاونەکردووەتەوە کە بیسەلمێنێت مۆساد و ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان هەبن، بەڵام هاتنی سەرۆک کۆماری ئێرانی بە ڕووداوێکی گرنگ و ئەرێنی خستەڕوو، کە دەخوازێت هەنگاوێک بێت بۆ سەرەتایەکی تازە و ببنە دوو دراوسێی باش، کە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمانی ئاڵوگۆڕی هاوکار و ڕێزگرتن بن.

سەرۆک وەزیران پێی وایە، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شەنگال، سەرەتایی چارەسەری کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانە، لەسەرو هەمووشیەوە بە ئەرکی عێراقی دەزانێت کە پارێزگاری لە وڵاتەکەی و سەروەری خاکەکەی بکات، هەر گروپێکی دانپێدانەنراو هەبێت کۆنتڕۆڵی بکات، هەروەها بەهێزبوونی هێزەکانی پێشمەرگە و بوونی چەکی پێشکەوتوو، واتای بەهێزبوونی عێراق دەگەیەنێت.

لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکارەکەدا کە دەڵێت چەند جارێک لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە ڕاگەیاندراوە، کە دوو ئیدارەیی هەیە لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند، ناکرێت میزاجی کەسی لەم بابەتەدا وەربگرن، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی یەکگرتووی دەستوورییە، دابەش نابێت، هیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێت بە تەنیا ئەم بڕیارە بدات، ئێمە بڕوامان بە هەڵبژاردن هەیە، گەلی کوردستان ئەوە هەڵدەبژێرێت کە دەیەوێت، ئایا دابەشکاری و خۆ بەدەستەوە دانی دەوێت، یاخود ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندن هەڵدەبژێرێت؟

ئەوەی خستەڕوو، ئێستا هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دراوسێ، وڵاتانی ئەوروپی و خلیج هاوڕێی زۆری هەیە، هەر کەسێک باوەڕی بە دیموکراسیەت و دادپەروەری هەبێت، هەر کەسێک باوەڕی بە ئەحکامەکانی دین هەبێت بە هاوڕێی کوردستانی دەزانێت.

“عێراق وڵاتی پێکهاتەی جیاوازە، بۆیە دەبێت دەسەڵاتەکان بەپێی ڕێککەوتن بێت، ئەمە حوکمی ڕاستە بۆ عێراق، هاوسەنگی و بەشداریکردن و ڕێککەوتن ئەمە بنەمای سەرکەوتنی سیاسەتە لە عێراق”

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سبەینێ‌ نەوت لە دوو ناوچەی سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەكرێت
پێت سبەینێ‌ نەوت لە دوو ناوچەی سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەكرێت
شارەزایەكی كەشناسی: دوو شەممە یەكەم ڕۆژی پاییزە
دوات شارەزایەكی كەشناسی: دوو شەممە یەكەم ڕۆژی پاییزە
پەیوەندیدار