بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەیەك بە 10 ساڵ زیندانی سزادرا



دەستەی دەستپاکی عێراق، سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بە غیابی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئیدارەی فڕۆکەخانەی نەجەف و سێ لە ئەندامانی پێشووی ڕاگەیاند.

دەستەی دەستپاکی عێراق لە بەیاننامەیەکەدا ئاماژەی بەوەكردووە، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەند، سزای 10 ساڵ زیندانی بە غیابی و پێبژاردنی 10 ملیۆن دینار بۆ هەریەک لە سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ئیدارەی فڕۆکەخانەی نەجەف “فائد کازم نوون حوسێن شەمەری” و سێ ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنەكە دەركرد، كە بریتین لە “حسێن نیعمە خەشان شناوا زاملی، کەریم خەساف ستار خەفاجی، مستەفا موعن سەعید تریحی”.

سەبارەت بە هۆكاری سزاكە ڕوونی كردۆتەوە، “پێشێلکارییەکانی گرێبەستی ئامادەکردنی دیزاین و بەیاننامە بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی نوێی فڕین بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و ڕێڕەوی تاکسیەکان”.

باسی لەوەشکردووە، “بەهای گرێبەستەکە بە بڕی 71 ملیۆن و 959 هەزار دۆلاری ئەمەریکی بووە، بە بانگهێشتکردنی ڕاستەوخۆ ڕەوانەی کۆمەڵەیەکی کۆمپانیاکان کراوە، پڕۆژەکە وەک تەندەرێکی گشتی ڕانەگەیەندراوە، بۆ ئەوەی زۆرترین کەس ڕکابەری بۆ بەدەستهێنانی پرۆژەکە بکات”.

لە پێشێلکارییەکی ڕوونی ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکوومییەکانی ژمارە 2ـی ساڵی 2014، جگە لە نەبوونی خشتەی وردی بڕی و تایبەتمەندی تەکنیکی و نەبوونی کاری هاوشێوە بۆ ئەو کۆمپانیایانە کە پڕۆژەکەیان پێ سپێردراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تەرخانکردنەکە لە بەرامبەر بڕە پارەیەکدا کراوە کە بە (10%)ی بەهای گرێبەستەکە خەمڵێندراوە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، “دادگا، دوای پێداچونەوە بەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەدا هەبوون، بڕیاری زیندانی بۆ ماوەی 10 ساڵ و سزای پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری لە دژی ئەو تۆمەتبارانە دەرکرد”.

 

شارەزایەكی كەشناسی: دوو شەممە یەكەم ڕۆژی پاییزە
پێت شارەزایەكی كەشناسی: دوو شەممە یەكەم ڕۆژی پاییزە
شاندی هەرێم لیستی مووچە دەبەنە بەغدا
دوات شاندی هەرێم لیستی مووچە دەبەنە بەغدا
پەیوەندیدار