کۆمەڵگایەکی جوێنفرۆش!



لەنێوان ئازادی ڕادەربڕین و فەوزای بێسەروبەرەییدا یەک تاڵ موو هەیە، کابرا لێرە دیندار دەبینێ جوێنی پێدەدا، بێدین دەبینێ جوێنی پێدەدا، بێژەر دەبینێ جوێنی پێدەدا، هونەرمەند دەبینێ جوێنی پێدەدا، باڵات کورت بیت ناتۆرەت لئ دەنێن، باڵات بەرزبیت ناتۆرەت لێ دەنێن، خڕوخرپن بیت جوێن دەخۆی، بەژنزراڤ بیت جوێن دەخۆیت… هەرچییەک و هەرکێ بێت، بێ جوێن لە سوشیال میدیای کوردی دەرناچیت.

ئەگەر ڕاستگۆبم لەگەڵ ئێوە و لەگەڵ خۆشم دەبێ بڵێم ئەم جوێنفرۆشییە لە باوانمانەوە، لە شاعیرە گەورە و ئەدیبەکانمانەوە بۆمان ماوەتەوە! تەماشا بکە لە ئەدەبی کوردیدا، ئەم هەموو داشۆرینە هەیە: هەجو هەیە، زەم هەیە، تەعریز هەیە، تەورییە هەیە، تەجرید هەیە، تەلمیح هەیە، ئیستیعارە و کینایە و تەشبیهی ناشرین هەیە، شاعیرمان هەیە سەرکەوتنەکەی لە جوێنفرۆشییەکەیدایەتی!

تەنانەت ڕۆشنبیرەکانی گروپی ڕەهەندیش خەڵک وەک کەر و گەمژە تەماشا دەکەن، بۆیە لە نووسینەکانیاندا بەردەوام دەیبینین بە خەڵک دەڵێن: (مێگەل)، (ڕەشەخەڵک)، (حەشامات)، (عەوام)، (گاڕان)….هتد، بێ ئەوەی بزانن؛ خەڵک داینەمۆی بەرهەم و ئەندێشە و کاسبی و ژیانی ئەوانن و ئەگەر خەڵک نەبێت؛ ئەمان هیچ نین!

دوای ڕاپەڕین، شەڕی ناوخۆ دەرگای لەم هەناوڕەشییە پەنهانەی تاکی کوردی بەتەواوی خستە سەرپشت. چایخانەی شەعب لە سلێمانی، شوێنی ڕۆشنبیر و ئەهلی قەڵەم بوو، کۆمەڵێ برا بەڕێوەیان دەبرد و تا ئێستاش بەڕێوەی دەبەن، کاک (عومەر) خاوەندارێتی دەکرد، لەسەر دیوارەکەی ئەم بەیتەی سالمیان نووسیبوو:
بە حەیا بێرە حزور ‌و بە ئەدەب سوجدە بەرە
خەڵوەتی دولبەرە (سالم) ئەمە مەیخانە نییە

بیرمە لە شەڕی براکوژیدا ڕادیۆ فەرمییەکەی پارتی دەیشڕاند و دەیوت (بە حەیا بێرە حزور، بە ئەدەب سوجدە بەرە، لانەی جاسوسانە عومەر ئێرە چایخانە نییە)! ئاوها دەزگای میدیایی جوێنی دەدا.

کە تەلەفزیۆنەکەی بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوو، ئیتر جوێن لە کلتورەکەدا لە کۆڵان و کەلاوە و مەیخانەوە بە فەرمی گوێزرایەوە نێو دەزگای ڕاگەیاندن. هەموو شەوێ ئێمە تۆپەڵێ جوێنی نەبیستراومان لە knnوە دەبیست. بەدوای ئەودا شاسوار کە کەوتە کڕین و هاککردن و دزینی پەیجە گەورەکان، بووە سەرلەشکری سوپایەکی وەهمی کە تەنیا یەک ئیشیان هەبوو ئەویش ئەوەبوو جوێن بدەن، تۆمەت بۆ خەڵک دروست بکەن، کامێرا بخەنە ژووری پارلەمانتارەکانیان، ڤیدیۆ بۆ نەیارەکان دروست بکەن…

ئەم حیکایەتی مێشە چۆن تەواو دەبێ؟
حیکایەتی جوێنفرۆشی، حیکایەتی مێشە، ئاسان تەواو نابێ، بەڵام ڕۆژێک هەر دەبێ تەواوببێت… سوید سەرتۆپی وڵاتی دیموکراسییە لە جیهاندا، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٨وە یاسایەکی هەیە کە پەیوەندی بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە. ئەم یاسایە ناسراوە بە “یاسای بەرپرسیارێتی ناوەڕۆکی ئەلیکترۆنی” (Lag om ansvar för elektroniska anslagstavlor).

ئەم یاسایە ماڵپەڕەکان و پلاتفۆرمەکانی میدیای کۆمەڵایەتی ناچار دەکات چاودێری و کۆنترۆڵی ئەو ناوەڕۆکانە بکەن کە لەسەر پلاتفۆرمەکانیان بڵاو دەکرێنەوە. بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە کۆمێنت و پۆستەکانی بەکارهێنەرانەوە هەیە. بەپێی ئەم دەقە هەر ناوەڕۆکێک کە پێشێلی یاساکە دەکات، بەتایبەتی (جوێندان)، خاوەنی پەیجەکە ناچارە بەوەی بیسڕێتەوە، یان بیشارێتەوە، یان بلۆکی بکات و جوێنفرۆشەکەش ئاگاداربکاتەوە. سوید کە باوکی سیستمی ئازادییە لە جیهاندا، بەم یاسایە بەریگرت لەوەی کۆمەڵگایەکی جوێنفرۆش دروست ببێت، بەری گرت لەوەی ئەو منداڵ و هەرزەکارانەی بەڕێوەن لەسەر (جوێنفرۆشی) ڕانەیەن.

ئێستا ئێمە کورد چی بکەین؟
تا ئەو پارلەمان(ــەی خوا دەزانێ کەی خۆی دروست دەبێ و بیر لەم هەڕەشە کۆمەڵایەتییە دەکاتەوە) و دێت بە یاسایەک ئەمە ڕێکدەخات، دەبێ وەزارەتی ڕۆشنبیری، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، وەزارەتی ئەوقاف (بۆ هاندانی پیاوانی ئاینی)، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان، سەرجەم دەزگا میدیاییەکانی کوردستان، لایەنی کەم تەلەفزیۆنە فەرمییەکان کۆبکەنەوە و (میساقێکی شەرەف)یان پێ واژوو بکەن، ڕێگە نەدەن کەس لە پەیجی ئەواندا لە کۆمێنتدا جوێن بەکەسی تر بدات.

دەزانم هەندێ پەیج بۆیان گرنگ نییە، کێ جوێن بەکێ دەدات، گرنگ ئەوەیە ئەوان ئەکتیڤیان بەرزبێت… بەڵام لە ڕاستیدا دەبێ ئەو دەزگایانەش فێربکەین کە لەبری (ئەکتیڤ) باشترە ئەخلاقمان بەرزبێت…
توانا ئەمین

کۆمەڵگایەکی جوێنفرۆش!
پتر کۆمەڵگایەکی جوێنفرۆش!
سودانی سەردانی ئەمریکا دەکات
دوات سودانی سەردانی ئەمریکا دەکات
پەیوەندیدار