سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، کەسانێک هەن بڕوایان بە فیدڕاڵیزم نییه و دەشڵێت: کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا زۆر لەوە گەورەترە تەنیا لە مووچە و نەوت کورت بکرێتەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی (عەرەبی حەدەس) لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و مافی پێکهاتەکان، دەڵێت: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان هیچ پەیوەندییەکی بە دەستوورەوە نییە، بەڵام کەسانێک هەن پێیان وایە حوکمڕانی دەبێت ناوەندگەرایی (مەرکەزی) بێت و بڕوایان بە فیدڕاڵیزم نییە.
دەشڵێت: عێراق وڵاتێکی فرە پێکهاتەیە و دەبێت بە هاوبەشی ڕاستەقینە بەڕێوە ببرێت، هەروەها لە نووسینەوەی دەستوور کورد بەشدار بووە و پابەندیشن بە جێبەجێکردنی وەک خۆی، بەڵام جیا لە کورد پێکهاتەی دیکەش هەن و لەو باوەڕەدان کە دەستوور هەموو مافێکیانی مسۆگەر نەکردووە، هەربۆیە دەستوور چارەی کێشەکان لەخۆ دەگرێت و ناکرێت لایەنگیری تێدا بکرێت لە بەرژەوەندی لایەنێک دژی لایەنێکی دیکە بەکار بهێنرێت.
ڕاشیگەیاندووە، هەرچەندە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی زیاتر لە 19 ملیار دۆلاری بە ئابووری و داهاتی گشتیی عێراق گەیاندووە، بەڵام کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا زۆر لەوە گەورەترە تەنیا لە مووچە و نەوت کورت بکرێتەوە.
دەشڵێت: ئەوانەی هەرێمی کوردستان بە قاچاخچێتی نەوت تۆمەتبار دەکەن، با بەڵگە ڕاستەقینە بخەنە ڕوو.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە، کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ئیستا لەم سەردەمەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، هەربۆیە ئەگەر نیازی چارە لەلایەن بەغدا هەبێت، ئەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە و چارەسەرەکەش ئاسانە، چونکە هیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێت چۆنیەتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دیاری بکات.