وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەڵێت، “هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر پەسەندكردنی ناوی كاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدات”.
جومانەی غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بەوەکرد، دیاریكردنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنیش دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو.
ڕاشیگەیاند، كۆمسیۆن دەنگدەران دڵنیادەكاتەوە لەوەی دەتوانن ئازادانە دەنگبدەن و دەنگەكانیشیان نهێنی و پارێزراوە و هیچ كەس و لایەنێك نازانێت دەنگی بە كێ داوە، كارتی دەنگدان ناو و ئاماژەی دەنگدەری تیادا نییە.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی رێوشوێنی یاسایی دەگرێتەبەر بەرامبەر هەر كەس و لایەنێك فشار و ترس بەرامبەر دەنگدەران بەكاربهێنێت، رێوشوێنەكانیش بریتین لە بێبەشكردنی كەس و لایەنەكان لە دەنگەكانیان، جگە لە بەندكردن و پێبژاردن بەپێی ماددەكانی یاسای هەڵبژاردن، وتەبێژی كۆمسیۆن وای وت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە 20ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە سەرپەرشتیی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.